کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی عێراقی لە وڵامی بانگەوازی ئەنجومەنی زانکۆکانی بەغدا هاتنە سەر شەقام

12:53 - 16 رێبەندان 2719

پاش بانگەوازی ئەنجومەنی زانکۆکانی بەغدا، بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانی ملیۆنیی ئاوەرتە، هەزاران خوێندکار هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەزاران خوێندکاری زانکۆکانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕێبەندان، لە وڵامی بانگەوازی ئەنجومەنی زانکۆکانی بەغدا هاتنە سەر شەقام و بەرانبەر بە دیاریکردنی "محەممەد عەلاوی"، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو بانگەوازەی ئەنجومەنی زانکۆکانی بەغدا، لەلایەن وەزارەتی فێرکاریی باڵای عێراقەوە پشتیوانیی لێ کرا.

وەزارەتی فێرکاریی باڵا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە کە درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان بدەن.

 خوێندکاران و خۆپیشاندەرانی عێراقی لە مەیدانی تەحریردا کە شوێنی کۆبوونەوەی خۆپیشاندەرانی عێراقییە، ئەمجارە بە شێوەیەکی زۆر بەرینتر لەو شوێنەدا کۆ بوونەتەوە و بە دەنگێکی ڕەساوە دژ بە عەلاوی دروشمیان داوە.

هەروەها لە شارەکانی باشووری عێراقیشدا، بەتایبەت لە "ناسرییە"، خۆپیشاندەران کە زیاتر خەڵکی شار لەخۆوە دەگرن، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دیاریکردنی "محەممەد عەلاوی"، تەواوی ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکەشیان بەستووە.

ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی زانکۆکانی بەغدا، پاش کوشتنی ٥ کەس لە خۆپیشاندەرانی ڕۆژی دووشەممە، لەلایەن لایەنگرانی "موقتەدا سەدر"ەوە کە ئێستا دژی خۆپیشاندانەکانە، ڕاگەیەندرا.