کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی پزیشکی بەپێی سەهمییە قەبووڵ دەبن

12:52 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران، بەپێی سەهمییە لە بوارەکانی خوێندندا قەبووڵ دەبن کە لە دواییدا زانستی پێویستیان لە بواری خۆیاندا نییە.

"حەمید ئەکبەری"، جێگری ئامووزشی بێهداشتی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خوێندکارانی ڕشتەی زانستی پزیشکی، بەپێی سەهمییە لە زانکۆکاندا قەبووڵ دەبن، ئەوەش هەڕەشەیەکە بۆ سەر سڵامەتیی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: "بەپێی ئەوەی کە ٦٠ لەسەدی ئەو خوێندکارانە لە بەشی پزیشکیدا بە سەهمییە قەبووڵ دەبن، ئێمە نیگەرانی کەیفییەتی ئامووزشیی ئەو خوێندکارانەین".

قسەکانی ناوبراو دەرخەری ئەوەیە کە بەشی پزیشکی لە ئێراندا تووشی قەیرانی زانستی بووە و ئەگەر ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت، بەشی تەندروستی و بێهداشت لە کوردستان و ئیراندا تووشی مەترسیی جیددی دەبێتەوە.

ئەر کاربەدەستەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە: "وەزارەتی بێهداشت بۆ چاکسازی و پێداچوونەوە لە بەشی سەهمییەی خوێندکاراندا لە بەشی پزیشکی، چەندین جار بەدواداچوونی کردووە، بەڵام هەتا ئێستا بە ئاکام نەگەیشتووە".

هەروەها مەجلیسی ڕێژیمی ئێرانیش لەم بارەیەوە هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

لە سیستمی ئامووزشیی ئێراندا، دوای وەگرتنی دیپلۆم، سەرجەم قوتابییانی هەموو ڕشتەکان لە تاقیکارییەکدا بە ناوی "کونکوور" بەشداری دەکەن، هەتا بۆ زانکۆکان قەبووڵ بن.

لە کونکووردا بەشێک لە قوتابییان بە "سەهمییە" بۆ زانکۆکان قەبووڵ دەبن. سەهمییە بە مانای ئەوەیە کە ئەو قوتابییانەی کە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەک "بنەماڵەی شەهیدی ڕێژیم، ئیسارگەر، ئازادە، بەسیج و جانباز" ناسێندراون، لە کونکووردا لەبەرچاو دەگیردرێن و بۆ زانکۆ باشەکانی ئێران قەبووڵ دەبن.