کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی کورد بەرهەڵستی زیباکەلام بوونەوە

11:27 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە، ڕەخنەی توندیان لە چالاکی بەناو ڕێفۆرمخوازی ڕێژیمی ئێران گرت؛ ئەوان سەربەخۆیی به تەنیا ڕێگەچارەی گەلی کورد دەزانن.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاوی کۆڕێک لە ژێرناوی "خوێندنەوەی کاری چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە کوردنشینەکاندا"  بە بەشداریی "سادق زیباکەلام"، چالاکی بەناو ڕێفۆرمخوازی ڕێژیمی ئێران بەڕێوەچوو کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان بەشداربوون، زیباکەلام به ئاماژەدان به ڕووداوەکانی کوردستان، دێموکراسیی وەک تەنیا چارەسەری کێشەکانی کورد لە ئێران ناو برد.

ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاند: "ئەگەر بە دێموکراسی ڕاستەقینە بچینە پێشەوە بیری سەربەخۆییخوازی لە کوردستاندا جێگایەکی نامێنێت."

دواتر، خوێدنکارانی زانکۆی کوردستان لە دژکردەوەی ئەم قسانەی زیباکەلامدا، بە توندی ڕەخنەیان لە تێبینییەکانی ئەم مۆرە ناوزڕاوەی ڕێژیم گرت و سەربەخۆیی کوردستانیان وەک تەنیا چارەسەری کێشەی کورد زانی.

ئەوان بە ئاماژە به مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوە بندەستەکانی ئێران، باسیان لەوە کرد کە تەنیا خەڵکی کوردستان خۆیان دەبێ بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

دژکردەوەی ئەم خوێندکارانە بەرانبەر بە قسەکانی زیباکەلام، پشتیوانیی خوێندکارانی دیکەی بەدواوە بوو کە بە هاوار و چەپڵەلێدان، دەنگی خۆیان خسته پاڵ دەنگی هاوڕێ و هاوپۆلەکانییان .

کاردانەوەی خوێندکارانی زانکۆ بەرانبەر بە مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەت لە شوێنە ئاکادێمیکەکاندا، هاوتەریبە لەگەڵ ترسی دەروونی ڕێژیم لە سەرهەڵدان و شۆڕش به دژی ستەم و چەوساندنەوە.

زانکۆی کوردستان یەکێک لەو زانکۆیانەیە کە جگە لە خوێندکارە کوردەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکاری شارەکانی دیکەی ئێرانیشی تێدایە؛ دژکردەوە بەرانبەر بە قسەکانی زیباکەلام، جیا لەوەیکە پیشاندەری ئاستی زانیاری و تێگەیشتنی لاوانی کوردستان بەرانبەر بە دۆخی هەنووکەیی کوردستانە، ئەتوانێ خاڵێکی بە‌هێز بۆ گەیاندنی دەنگی لاوانی کوردستان به نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران بێت کە ئەوانیش بۆ بەدەستەوەگرتنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان، چیدیکە بێدەنگ نەبن و دەنگی ئازادیخوازیی خۆیان دژ به سیستمی پاوانخوازی ڕێژیمی ئێران هەڵبڕن.