کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی کورد، پشتیوانی فەرهەنگ و گەلی خۆیانن

16:48 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی کوردی زانکۆی کوردستان، وڵامی توندی بەسیجییەکان و بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆیان دایەوە کە بێڕێزیی بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردیی کردبوو.

ئەمڕۆ شەممە، ٤ی جۆزەردان، خوێندکارانی کچ و کوڕی زانکۆی کوردستان، بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زانکۆ و کلاسەکانیاندا ئامادە بوون.

ئەم هەڵوێستەی خوێندکارانی کوردی زانکۆی کوردستان لە وڵامی بێڕێزیی بەرپرسی بەسیجی خوێنکاریی زانکۆی ناوبراودا بووە کە پێشتر بێڕێزیی بە فەرهەنگ و جلوبەرگی کوردیی کردبوو.

"سەید عینایەت جوویبار"، بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان لە شاری سنەدا، بە دەرکردنی بەیانییەیەک، بێڕێزیی بە جلوبەرگی کوردیی خوێندکارانی کوردی ئەو زانکۆیەی کردبوو و هەڕەشەی لە خوێندکارانی کورد کردبوو کە نابێت بە جلوبەرگی کوردی بێنە نێو زانکۆوە.

ئەم بەرپرسەی بەسیجی خوێندکاری، داوای لە ئیتلاعات و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردبوو کە هەر خوێندکارێکی کورد کە بە جلوبەرگی کوردی هاتە نێو زانکۆوە، دەسبەسەری بکەن.

ئەم بەیاننامە و هەڵسوکەوتە دژە کوردەی بەرپرسی بەسیجی خوێندکاریی زانکۆی کوردستان، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی لێکەوتەوە و ئەم خوێندکارانە بە ئامادەبوونیان بە جلوبەرگی کوردییەوە لە زانکۆدا، وڵامی ئەم بەسیجەی ڕێژیمیان دایەوە.