
ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی جۆزەردان، ١٢٩ چالاکی خوێندکاریی ئێران لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە "سەرکوتی لەڕادەبەدەر و هەڵسوکەوتی نەشیاوی چاوەدێرانی زانکۆکان لەگەڵ خوێندکاران و هەروەها کۆسپ خستنە بەردەم کچانی خوێندکار" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.
لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە "تێکهەڵچوونی فیزیکی، لێدان و بەبارمتەگرتنی خوێندکاران" لەلایەن بنەکەکانی "چاوەدێری" هاتووە کە ئەو زانکۆیانە لە مانای بوونی زانکۆیەکی "ئازاد و سەربەخۆ" بەدوورن.
"سنووردارکردنی خابگاکان، جیاکاریی ڕەگەزی، دەرکردن و ترساندنی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، قەدەغەکردنی چالاکیی سیاسیی ئازاد، بانگهێشتی بەردەوامی خوێندکاران بۆ کۆمیتەکانی نەزم و دیسپلین و بنکەکانی ئەمنییەتیی دەرەوەی زانکۆکان" وەک بەشێک لەو گۆشارانەن کە لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەیان پێ کراوە.
لە ئێستادا زانکۆکانی ئێران بە جێگای ئەوەیکە لە خوێندکاران بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئیران کەڵک وەربگرن، دەستیان داوەتە سەرکوت و توندوتیژی دژی خوێندکاران.