کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆبواردنی رووسییە و ئۆکراین لە فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێران

18:20 - 30 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم ڕایگەیاندووە زیاتر لە نیوەی ناوگانە هەواییەکانی ئێران بێ‌کەڵک ماونەتەوە و پێویستییان بە چاک کردنەوەی بەپەلە هەیە.

مەجید کیانپوور، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانکردنەوەی مەجلیسی رێژیم وتوویەتی: بە پێی ئامارەکانی بەردەستمان ٥٠%ی فڕۆکەکانی وڵات ڕزیون و پێویستە ناوگانی هەوایی ئێران نۆژەن بکرێتەوە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس وتوویەتی: بۆ چارەسەری کێشەی ناوگانی هەوایی ئێران، پێویستە فڕۆکەی نوێ لە کۆمپانیا سازێنەرەکانی بکڕین، کە بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا ئەو دوو کۆمپانیا (بووئینگ و ئەیرباس) توانای فرۆشتنی ئەو فڕۆکانەیان بە ئێمە نییە.

لە دوای هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، مۆڵەتی دوو کۆمپانیای "بووئینگ "و "ئەیرباس" بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بە ئێران، هەڵوەشێندرایەوە.

کیانپوور لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی بەو بارودۆخە نالەبارەی ئێران و بەپێی تەحریمەکان باشترین هەڵبژاردە کڕینی فڕۆکە لە وڵاتانی رووسیە و ئۆکراینە کە بە پێی قسەی بەرپرسانی رووسی ١٠%ی پارچەکانی فڕۆکەکانی رووسی هاوبەشی نێوان ئامریکا و یەکیەتی ئۆرووپایە کە ئەوانیش لە بەرگرەوەی گەمارۆکانن.

بەوتەی ئەو بەناو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم تەنیا بژاردەی بەردەست کڕینی فڕۆکەی ژێر ١٠ ساڵە، کەچی دوای وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران زۆربەی کۆمپانیا گرینگە بازرگانی و پیشەییەکان لە هاوکاری لەگەڵ ئێران کشاونەتەوە و ئەمە بووەتە هۆی ئیفلیجی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری و پیشەیی ئێران.