کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆراک لە کوردستان و ئێران گران بووەوە

10:24 - 3 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە دوای خۆپیشاندانەکان، نرخی پێداویستییەکانیش لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا گران بووەوە، بەڵام ڕێژیم هەڕەشە دەکات کە نابێ هیچ شتێک گران بێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە شارەکانی کوردستان، جیا لە دۆخی ئەمنییەتیی شارەکان، نرخی خۆراکیش بەرز بووەتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم هەڕەشە لە بازاڕییان دەکەن کە نابێ هیچ کەلوپەلێک گران بکرێت.

لە شاری سەقز یەک کیلۆ تەماتە ١٢ هەزار تمەنە و لە شارەکانی تاران و کەرەج نرخی هەر کیلۆ تەماتە سەرووی ١٢ هەزار تمەنە.

خەڵکی کوردستان و ئێران بەهۆی گرانیی کەلوپەل لە بازاڕدا، بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا خەڵک دژی گرانبوونی بێنزین ڕژانە سەر شەقامەکان و لەو خۆپیشاندانانەدا چەندین هاووڵاتی شەهید بوون و سەدان کەسیش بریندار بوون.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیان لە بازاڕییان کردووە کە نابێ بە بیانووی گرانبوونی بێنزین نرخی کەلوپەلەکانی دیکەش زیاد بکەن.

گرانبوونی خواردەمەنییەکان دەرخەری ئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان کاریگەریی لەسەر دۆخی بازاڕ داناوە.