کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆراکی باش و بە سوود لە سفرەی خەڵک سڕدرایەوە

12:54 - 11 خەرمانان 2720

سفرەی خەڵک لە کوردستان و ئێران بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە بچووکتر دەبێتەوە و لەبارەی بەدخۆراکیی خەڵک لە داهاتوویەکی نزیکدا هۆشداری دەدرێت.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ئێران و کوردستاندا ئەنجام دراوە، خۆراکی بە سوود لە سفرەی بنەماڵە کەمداهاتەکان دەسڕدرێتەوە.

لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٢ هەزار بنەماڵە لە شار و گوندەکان، خۆراکەکانی وەک: "هێلکە، گۆشتی سوور و سپی، شیرمەنی و دانەوێڵەکانیان" بەگشتی لە خۆراکی خۆیان سڕیوەتەوە و ناتوانن بیانکڕن.

هەر تاکێک بۆ دابینکردنی خۆراکێکی بە سوود دەبێ مانگانە یەک ملیۆن تمەن خەرج بکات. بەڵام لە دۆخی ئابووریی ئێستادا کە خەڵک داهاتی نییە، دابینکردنی ئەو خۆراکە جێبەجێ نابێت.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە، خەڵکی چینی هەژار لە شارە گەورەکاندا ناتوانن میوەی باش بکڕن و خراپترین جۆری میوە دەکڕن.

وادەی گرانبوونی شتومەکە سەرەکییەکان لە سەرەتای خولی نوێی سەرکۆماریی "ڕووحانی" بە خەڵک درا؛ لەو وادە و بەڵێنانە بڕیار وابوو کە نرخی بێنزینیش گرانتر بێت و بەرپرسێکی ڕێژیم وتبووی، بەداخەوە دوو ساڵە نرخی بێنزینمان بەرز نەکردووەتەوە و لە دەوڵەتی نوێی ڕووحانیدا ئەو وادەیە کردەیی دەکەین.