کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆسووتاندن و خۆکوژیی پەیمانکاران بەرهەمێکی دیکەی سەرکوت و زوڵمەکانی ڕێژیمی ئاخوندییە

11:13 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئێران کە یەکێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهانە، بە هۆی سیاسەتە تێرۆریستی و تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، خەڵکەکەی لەبەر دەستەنگی و هەژاری، زۆر جار پەنا بۆ خۆسووتاندن دەبەن.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، کەسێک کە هەتا ئێستە شوناسی بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئاشکرا نەبووە، پاش چوونەژوورەوە لە درگای وەزارەتخانەی "ئێرتباتاتـ"ـی ڕ‌ێژیم، لە شەقامی شەریعەتیی شاری تاران، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی قسەی شایەتحاڵان، ئەم کەسە پەیمانکاری یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەشی ئینترنێتی ئەم وەزارەتخانەیەیە کە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین، دەستی داوەتە خۆسووتاندن.

ئەم کەسە لە لایەن کەسانێکەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و هەتا ئێستە زیندووە، بەڵام باری تەندروستیی ناجێگیرە.

وڵاتی ئێران جیا لەوەی کە یەکێک لە وڵاتانی خاوەن وزەی نەوت و گازی سروشتییە، لە بوارەکانی دیکەشدا وڵاتێکی بەپیت و دەوڵەمەندە، بەڵام خەڵکەکەی بە هۆی سیاسەتە تێکدەرانە و دژەمرۆڤانەکانی ڕێژیمەکەی، لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا ژیان بەسەر دەبەن.

چینی پەیمانکار لە هەموو وڵاتێکدا بە چینی دەوڵەمەند و خۆشبژیو لە قەڵەم دەدرێن و بەشێک لە ڕەوڕەوە و گەشەی ئابووریی وڵاتانن، بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئاخوندەکان، لەبەر ئەوەی پارە و مافی گرێبەستەکانیان بە ڕێکوپێکی یان هەر پێیان نادرێت، ئەوانیش لەژێر زەخت و گوشاردان.