کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆشیدەربڕینی قوتابییان، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی نیگەران کردووە

14:05 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پاش خۆشیدەربڕین و سەمای قوتابییانی سەرەتایی لە ئێراندا، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، خوازیاری وڵامدانەوەی وەزیر و دەرکردنی بەرپرسانی ئەو قوتابخانانە بوون.

پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک فیلم لە ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژی موعەلیم لە ئێراندا، کە قوتابییانی سەرەتایی خۆشیی خۆیان دەربڕیوە و سەمایان کردووە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەگەڵیان بوون و دەڵێن کە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم دەبێت وڵامدەر بێت.

وتەبێژی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە تاراندا، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: کە ئەو مامۆستا و بەرپرسانی قوتابخانانە دەبێت بناسرێن  و لەگەڵیان هەڵسوکەوتی جیدی و یاسایی بکرێت.

ئەمانە پیشاندەری ئەوەیە کە ڕێژیم لە خۆشیدەربڕینی خەڵک نیگەرانە و هەوڵ و سیاسەتیان پەرەسەندنی ئازیەتبارییە مەزهەبییەکان و خەمۆکییە.

هەروەها بەپێی یاساکانی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم، سەما و مۆسیقای پاپ بۆ قوتابییانی قوتابخانەکانی ئێران ڕیگە پێ نەدراوە و تەنیا مۆسیقای پەسەندکراوی ڕێژیم کە زۆربەیان ئایینی و سروودی ڕێژیمن، لە قوتابخانەکاندا بڵاو دەکرێنەوە.