کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆشییەکانی خەڵک بە گولـلە وڵام دەدرێتەوە

11:58 - 29 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە چوارشەممە سووریدا، بە تەقە و گولـلە وڵامی خۆشییەکانی خەڵکیان دایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووریدا، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر خەڵک و بە تەقەی ئاسمانی هەوڵی بڵاوکردنەوە و پاشگەزکردنەوەی خەڵکیان لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان دا.

لە بەرامبەردا خەڵکی بەشدار لە ڕێوڕەسمەکاندا، بەرەوڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەوە و شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمدا ڕووی داوە.

ئەو شارانەی کە شەڕ و تێکەڵچوون هاتووەتە ئاراوە بریتی بوون لە:

دیواندەرە: تەقەی ئاسمانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و کەڵکوەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ دژ بە خەڵک و لێدان و بێڕێزیکردن بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە.

پیرانشار: تەقەی ئاسمانی و هێرش و بێڕێزیکردن بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە.

کرماشان: میلیتاریزەکردنی شەقام و شوێنەکانی بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە و وڵامدانەوەی خەڵک بە هێزەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم به دروشمی "مەرگ بەر بەسیجی" .

ڕێژیمی تۆتالیتاری ئێران، لە ڕێگەی سەرکوت و داپڵۆسین و هێرشکردنە سەر خەڵکی کوردستان، هەوڵی ڕاگرتن و کونتڕۆڵیان دەدات و هەر ساڵە لە ڕێوڕەسمە نەتەوەیییەکانی ئەو گەلەدا بە میلیتاریزەکردن و گرتن خەڵکی کۆڵنەدەر، دیکتاتۆرییەتی خۆی بە سەر خەڵکدا دەسەپێنێت و لە بەرانبەردا خەڵک بە درێژەدان و پڕشکۆتر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکان گورزێکی کاولکەر لە سیاسەتە داپڵۆسێنەرانەکانی ئەو ڕێژیمە دەوەشێنن.