کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان لە مەریوان دوابەدوای شەهید بوونی شەریف باجوەر و هاوڕێیانی

11:23 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: گیان‌بەخت کردنی چوار چالاکی ژینگەپارێزی کورد لە شاری مەریوان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەم شارە، خۆپیشاندان و هاتنەسەر شەقامی خەڵکی لێکەوتەوە.

پاش گیان لەدەستدانی چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی شەریف باجوەر، ئۆمید کۆنەپۆشی، موحەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمی‌نیا لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئەم شارە، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی مەریوان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە هەڵگرتنی پلاکاردی تایبەت کە لەسەریان نووسرابوو "شەهید نامرێ" و "چیا بێ تۆ هەتیوە" پشتگیری خۆیان لە ژینگەپارێزان دەربڕی و دژ بە سیاسەتی ژینگەکوژی ڕێژیم لە کوردستان هەڵوێستیان گرت.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، چالاکانی ژینگەپارێز و خۆپیشاندەرانی مەریوان پێیان وایە ئەم ئاگرکەوتنەوە هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لەم ناوچە، بە شێوەی بەئەنقەست لەلایەن سپای پاسداران و هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم ساز بووە کە ئاکامەکەی گیان لەدەستدانی ئەم چوار مرۆڤە لەخۆبوردووە بوو.

هەر لەمبارەوە ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە: "تاریکپەرەستان و دوژمنانی ژینگە و ئاوەدانی هیچ ڕێگایەک نەماوە نەیگرنە بەر بۆ کاولکاری و خاپوورکردنی ئەم نیشتمانە و بنەڕەتەکانی مرۆڤایەتییان کردوەتە ئامانج. بێ ئاگا لەوەی کە سروشتی ژیانەوەی ئەم دەڤەرە پڕاوپڕە لە سەرهەڵدانی قەقنەس ئاسا و لە هەمان ساتدا کە خەیاڵی خاویان نایگاتێ لە خۆڵەمێش گڕمان سەر هەڵدەداتەوە و کەڵەسوارانێکی تری وەک "شەریف" و "ئومێد" بەدی دێنێتەوە. نازانن ئێرە لانکەی قارەمانان و کەڵەسوارانە، مەکۆی هەڵقوڵینی هزر و هەڵوێستی شێرانەیە، ئەوان قەد بە خەیاڵیشیان نایەت کە تەرمی بەجێماوی ئەو دوو فەرماندەیەی بەرگری لە ژینگە تا چەندە گڕکانی دڵی ئاشقانی ژینگە و ژیان ئەبووژێتەوە و ڕووناکی ئەداتە ڕێگای پڕ لە شەرەفی ڕەوتی ماندوویی‌نەناسانەی خێڵی بەرگران. خۆڵەمێشی بەجێماویان ئەبێت بە سورمەی چاوی گلایەک و شەقەی هزریان باڵ ئەکێشێت بەسەر هەموو چەمکەکانی گەشەدا".

شەریف باجوەر و ئۆمید کۆنەپۆشی لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوون کە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە بەهۆی چالاکییە ژینگەپارێزییەکانیان خرابوونە ژێر گوشار.