کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئابادان و زۆربەی شارەکانی دیکە بەردەوامە

12:32 - 10 جۆزەردان 2722

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئابادان سەبارەت بە ڕووخانی بینای "مێترۆپۆل" بەردەوامە و شەوانە لە شەقام و نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە، تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم ڕوو دەدات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر خەڵکی ناڕازی و تەقەیان کردووە و بە باتۆم و هاویشتنی گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک.

لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە عەشیرەتەکانی ناوچە بە هەڵکردنی ئاڵای عەشیرەتەکان پشتیوانیی خۆیان لە قوربانییانی کارەساتەکە نیشان داوە.

شارەداری ئابادان ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان بە نیشانەی بەناو هاودەردی لەگەڵ خەڵکی لێقەوماوی ڕووداوەکە، ڕێوڕەسمێکی پرسەی دانابوو، بەڵام خەڵکی ئابادان بە بەشدارییان و دانی دروشم دژی ڕێژیمی ئێران ڕێوڕەسمەکەیان کردبووە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەتایبەت لە پارێزگای "ئەلئەحواز" خەڵک بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقام  و دانی دروشم دژی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ئابادان نیشان داوە.

بەپێی سەرچاوەکانی سەر بە ڕێژیم تا ئێستا ٣٤ کەس لە ڕووداوی ڕووخانی بیناکەدا گیانیان لەدەست داوە.