کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خانەنشینکراون لە شارەکانی ئێران بەردەوامە

17:52 - 25 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕ، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە دەیان شاری ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خانەنشینکراون لەو ناڕەزایەتییەدا سەبارت بە وڵام نەدانەوە بە داواکارییەکانیان دروشمیان لە دژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داوەتەوە.

خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی کە چەندین مانگە بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن ئەمجارە لە تاران، هەمەدان، ڕەشت، کرمان، ئەهواز، مەشهەد، زەنجان، یەزد، دێزفول، بابۆل و زەنجان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەڕێوە برد.

خانەنشینکراوان داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی زیادکردنی مووچەکانیان بە ڕێژەی ٥٧ لەسەد و هەروەها پێدانی قەرزی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن دەکەن کە لە کابینەکانی ڕێژیم لە دەیەی ٥٠ی هەتاوی هەتا ئێستا ماوەتەوە.

لە دوای بڕیاری کابینەی ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' بۆ زیادکردنی ١٠ لەسەدی مووچەی ئەو خانەنشینکراوانەی کە کەمترین مووچە وەردەگرن، ماوەی چەند حەوتوویەکە لە شارە جیاجیاکانی ئێران کۆبوونەوەی بەربڵاوی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێت.

جگە لە خانەنشینەکراوان لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی کرێکارانی بەشە جۆراجۆرەکان و مامۆستایان بۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر هەژاری و هەڵاوسان و کەمیی حەقدەستەکان بەڕێوە چووە و زۆربەی ئەو کۆبوونەوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرکوت کراون.