
دوای تێپەڕبوونی حەوت ڕۆژ لە ڕووخانی بینای "مێترۆپۆلـ"ـی ئابادان خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لە شارەکانی "ئابادان، ئەهواز، شاهینشەهر، شەهری ڕێی، ئەندیمێشک و خوڕەمشەهر" دژی ناکارامەیی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم لە کاتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە، بەردەوامە و ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێتەوە.
خۆپیشاندانی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بە توندوتیژی و گولـلە وڵام دراوەتەوە و هەتا ئێستا دەیان کەس لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر کراون و لە زۆربەی شارەکانی باشووری ئیرانیش گاردی دژە شۆڕش جێگیر کراوە.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەشێک لە عەشیرەتەکانی عەرەبی پارێزگای ئەلئەحواز ڕژانە سەر شەقام و سەبارت بە هەڵسوکەوتی هێزەکانی ڕێژیم دژی خۆپیشاندەران هۆشدارییان دا.
سەرکوتی هاووڵاتییان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگدانەوەی لێ کەوتەوە، بە جۆرێک کە "نەفتالی بێنێت" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە توییتێکدا وتوویەتی: "دونیا دەبێ لە خەڵکی ئێران پاڵپشتی بکات و لە بەرامبەر ڕێژیمی خوێنڕێژی ئیسلامیدا ڕابووەستێت".
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردان نزیکەی ١٠٠ سینەماکار لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد کە چەکەکانیان دابنێن و کۆتایی بە سەرکوتی خەڵک بێنن.
هەتا ئێستا ئامارێکی ڕوون لە ڕێژەی قوربانییان و بێسەروشوێنبووانی ئەو ڕووداوە لەبەر دەستدا نییە، تەنیا بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم ٣١ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٣٨ کەسیش بێسەروشوێنن.