کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کرێکارانی هەفت‌تەپە درێژەی هەیە

11:08 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی ناڕزایی هەفت‌تەپە، لە ژێر ڕەهێڵەی باراندا لە بەردەم فەرمانداریی شووش و لە کاتی نوێژی هەینی خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

کرێکارانی ناڕازیی هەفت‌تەپە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز، سەرەڕای ئەوەی کە بارانێکی بەلێزمە دەباری، لە بەردەم فەرمانداریی شووش و نوێژی هەینی، درێژەیان بە نۆزدەهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانی خۆیان داوە.

هۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی کرێکارانی ناڕازیی هەفت‌تەپە، نەدانی مووچەی چەند مانگەی کرێکاران، لە لایەن بەرپرسانی کارخانەی نەیشەکەری هەفت‌تەپەیە، بەڵام ئێستە جیا لەو داواکارییەیان، خوازیاری ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیانن.

لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەریی ئیرنا، سەر بە رێژیمی ئێران، لە زاری وەزیری "تەعاوەن، کاروباری کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە کار و چالاکیی کرێکاران لە ڕۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزەوە، دەست پێ دەکاتەوە، بەڵام هەتا ئێستە لەم بارەوە هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییە، کە ئەم بەڵێنییە بەرپرسانی ڕێژیم پشتڕاست بکاتەوە.

کرێکارانی نەیشەکەری هەفت‌تەپە، لە هەمبەر سپاردن کۆبەشی نەیشەکەری هەفت‌تەپە بە دەستی کەرتی تایبەتەوە ناڕازین و خوازیاری ئەوەن کە شۆرای کرێکاری، ئەو کارخانەیە بەڕێوە ببات، چونکە لەم کارە لە کەرتی تایبەت بەتواناترە.

لە پێوەندییەدا، هێدر نائۆرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە هەشتەگی "کرێکارانی هەفت‌تەپە" نووسیووە: "خامنەیی ئیدعا دەکات، کە لە هیچ کوێیەکی جیهاندا دێموکراسیی ڕاستەقینە وەکوو ئێران بەڕێوە ناچێت، بۆ وەبیرهێنانەوە، لە دێموکراسیی ڕاستەقینە، کرێکاران کە بە شێوەی ئاشتییانە داوای ماف و مووچەی خۆیان دەکەن، دەسبەسەر ناکرێن".