کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

22:18 - 22 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: لە ئاڵمان خۆ پیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە چوو کە لەو خۆپیشاندانەدا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریەدا مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری برێمن-ی ئاڵمان، خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی‌ کردن لە خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکووم کردنی ئابڵووقەدانی شاری عەفرین لە لایەن داعش و حکوومەتی تورکیەوە بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە لە لایەن پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە (PDKs) وە ڕێکخرا بوو و ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-یش بە سەرپەرەستیی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دێموکرات ـ ئاڵمان، بەشدارییان تێداکرد و لە میانەی خۆپیشاندانەکەدا، نەقشبەندی وتەیەکی پێشکەش کرد.

بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ئاڵمان لە قسەکانیدا وێڕای دەڕبڕینی پشتیوانیی و هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەباتی ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکووم‌کردنی ئابڵووقەدانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن حکوومەتی تورکیە و داعشەوە، هیوای خواست کە حیزب و لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن و لە پەراوێزخستن و سڕینەوەی یەکتر خۆ ببوێرن.

نەقشبەندی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا ئاماژەی بۆ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریەدا کرد و گوتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران نەتەنیا لە دژی داعش هیچ جۆرە هاوکارییەک ناکات، بەڵکوو خۆی لە یارمەتیدەرانی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە و هەوڵیش دەدا تا شەڕی داعش بۆ شەڕی مەزهەبی و بەتایبەت لە نێوان شیعە و سوننە بگوازێتەوە کە هەم بتوانێ بەشار ئەسەد لە ڕووخان دەرباز بکات و هەم بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەدا بپارێزێ و نیشانیشی بدات کە بۆ ئاسایش و ئەمنییەتی جیهانیی، بوونی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکخراوە ئازادیخوازەکانی ئەو دوو وڵاتە و ناوچە باشترە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆیدا، نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کوردی بە خرابترین شێوە دەچەوسێنێتەوە و مافەکانی لێ زەوت کردوون.