کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی دژی ئێعدام لە ئاڵمان بەڕێوە چوو

16:56 - 19 رەزبەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر،  بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر" ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژی ئێعدام" کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هامبوورگ بە هاوکاریی ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران لەو شارە، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد و بەو بۆنەوە چەندین پەیام و ڕاگەیەندراو بە زمانەکانی ئاڵمانی و فارسی خوێندرانەوە.

"شەهریار نەقشبەندی" بەرپرسی ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی ئورووپا لە وتارێكدا باسی لە پێشێلکارییەکانی ڕێژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد کردووە و لەو بارەوە جینایەتەکانی ڕێژێمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکان و بەتایبەت چالاکانی کوردی خستە ڕوو.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتوویەتی: "بۆ کۆتایی هێنان بەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە یەکگرتوویی هێزە خەباتکارەکانی ئێران و گەلانی بندەست، پێکەوە خەبات و تێکۆشان پێویستە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە هەموو لایەنێک دەکات کە ڕیزەکانیان یەکگرتووتر بکەن".

لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبردا کە وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاری دژی ئێعدام ناوزەد کراوە حیزب، ڕێکخراوە خەباتکارەکان و ئازادیخوازان لە دەرەوەی وڵات خۆپیشاندان و ڕێوڕەسمی تایبەت بە مەبەستی گوشار خستنەسەر ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەپاندنی حوکمی ئێعدام بەڕێوە دەبەن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی پڕ لە تاوانی خۆیدا هەرگیز ڕێزی لە هیچ کام لە کۆنوانسیۆنەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی زیندانیانی سیاسی نەگرتووە و تەنانەت زۆر جار لە هەمان ڕۆژدا حوکمی لە سێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی جێبەجێ کردووە.