کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک دژ بە سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

16:57 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە دژی سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، بۆ دەربرێنی ناڕەزایەتی بە دژی سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەڕەشە و گوڕەشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ هێرش کردنەسەر خاکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور و مووشەکبارانی کەمپەکانی کوردە ئاوارە ئێرانیەکان لەو ناوچەیەدا، لەبەردەرگای وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کۆبوونەوە و دەستیان دایە خۆپیشاندان.

خۆپیشاندەران لە ماوەی کۆبوونەوە ئیعترازییەکەیان لە بەردەرگای وەزارەتی دەرەوی نۆروێژدا، بە بەرزکردنەوەی دروشمی پێوەندیدار بەو مەسەلەیە، بە زمانەکانی نۆروێژی، ئینگلیزی و کوردی دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی خۆیان بە دژی سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێڕان لە ناوچەکەدا بە گشتی و پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە بە دژی گەلی کورد لە ئێران و لە عێراق دەربڕی.

خۆپیشاندەران بە دروشمی وەک خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی کوردستان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جەزیرەی ئارامی دەستەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە کوردستاندا شڵەقاندوە، خەبات لە پێناوی ئازادیدا تا سەرکەوتن درێژەی هەیه، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێویستە سیاسەتی ئاژاوەگێرانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا هەوسار بکات، پێش بە ناسەقامگیریی ڕۆژبەڕۆژ زیاتری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بگرن، زەبروزەنگی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دژی گەلی کورد ڕاگرن، تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دژی میللەتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات مەحکووم دەکەین، پێش بە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ئێران بگرن، پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی بێ‌دیفاعی شار و گوندەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان مەحکوم دەکەین، پێش بە پیلانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ وەڕێخستنی حەمامی خوێن لە باشووری کوردستان بگرن، کۆماری ئیسلامی دەبەردایە باشووری کوردستان بکاتە سوریەیەکی دیکە، با نەهێڵین ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەرێمی کوردستان بکاتە سوریە، هەرێمی کوردستان سەنگەری دیفاع لە ئازادی و دێموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدایە، هەرێمی کوردستان چقڵی چاوی داعش و هاومەسلەکەکانیەتی لە قوم و تاران، هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ هێرش‌کردنە سەر کەمپەکانی ئۆپۆسزیۆنی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق شەرمەزار دەکەین، سەرکەوێ بزووتنەوەی میللی و دێموکراتی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە مەحکوومە، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لەسەریەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەرانبەر پیلان و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا بپارێزێ، سنگمان دەکەینە قەڵغانی دیفاع لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە کوردستانی عێراق.

هەروەها خۆپیشاندەران نامەیەکی سەرئاواڵەیان وەک داوا و بڕیارنامەی بەشدارانی کۆبوونەوەکە لە ڕێگای هەیئەتێکی نوێنەرایەتی خۆیانەوە تەسلیمی وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ کرد.

لەو نامەیەدا خۆپیشاندەران داوایان لە دەوڵەتی نۆروێژ و کۆڕوکۆمەڵە نۆروێژییە جۆراوجۆرەکان کردبوو، کە تێبکۆشن لە بەرانبەر پەلاماری ڕێژیمی ئێران و پەلاماری داعشدا، دیفاع لە هەرێمی کوردستانی باشوور وەک سەنگەری دیفاع لە ئازادی و دێموکراسی لە ناوچەکەدا بکەن و دیفاع لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکاندا بە ئەرکی خۆیان بزانن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا، خۆپیشاندەران بەرەو دەرگای باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەڕی‌کەوتن.

خۆپیشاندەران بە ڕێپێوان تا بەر دەرگای باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دروشمیان بە زمانەکانی ئینگلیزی و نۆروێژی بەرز دەکردەوە و خەڵکیش بە شێوەی جۆراوجۆر هاوپێوەندی خۆیان لەگەڵ خۆپیشاندەران دەردەبڕی و پشتیوانیی خۆیانیان لە داخوازەکانیان نیشان دەدا.

خۆپیشاندەران هەروەها لە تیراژێکی بەریندا ڕاگەیەنراو و ئیتلاعیە و بەیاننامەی پێوەندیدار بە داخوازەکانی خۆیانیان لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە و بەوجۆرە خەڵکیان لە داخوازەکانی خۆیان بۆ پێشگرتن بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا ئاگادار دەکردەوە.

خۆپیشاندەران لە بەردەرگای باڵوێزخانەی ئامریکا، وێڕای ئەوە کە دروشمەکانی خۆیانیان بە دەنگی بەرز دەگوتەوە، بڕیارنامەیەکیشیان تەسلیمی باڵوێزخانەی ئامریکا لە نۆروێژ کرد. لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە دەوڵەتی ئامریکا کرابوو کە پێش بە پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی دۆخی کوردستانی عێراق و لەباربردنی ئیستقراری سیاسی لەو ناوچەیەدا بگرێ و لە هەموو توانا و زەرفیەتەکانی خۆی بۆ دیفاع‌کردن لە کەمپی کوردەکانی ئێرانی کە لە ئاکامی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی ئێراندا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە، کەڵک وەرگرێ.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ و هەم باڵوێزخانەی ئامریکا داخوازەکانی خۆپیشاندەرانیان بەجیدی وەرگرت و بەلێنیان دا کە لە ڕێگای کاناڵە دیاری‌کراوەکانی خۆیانەوە داخوازەکانی خۆپیشاندەران دەگەیەننە دەوڵەتەکانیان و بەکەڵکوەرگرتن لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان، پێش بە قانوون‌شکێنیەکانی ڕێژیمی ئێران بگرن و تێدەکۆشن پشتیوانی لە داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد لە هەموو ئەو وڵاتانەدا بکەن کە کوردستانیان بەرسەردا دابەش کراوە.

خۆپیشاندانێک
خۆپیشاندانێک دژ بە سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

خۆپیشاندانێک
خۆپیشاندانێک دژ بە سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

خۆپیشاندانێک
خۆپیشاندانێک دژ بە سیاسەتی دژی گەلیانەی ڕێژیمی ئێران لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو