کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک لە ستۆکهۆڵم بۆ بایکۆتکردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران بەڕێوە چوو

14:21 - 8 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: \'\'کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ\'\' خۆپیشاندانێکی بۆ شەرمەزارکردن و بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕەپانی سێرگێل لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید بەڕێوە برد.

بەپێی هەاڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‏شەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لقی \'\'کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ\'\' لە شاری ستۆکهۆڵم خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتیی بۆ شەرمەزارکردن و بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران لە گۆڕەپانی سێرگێل لە ناوەندی شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە برد.

ئەو خۆپیشاندانە بە دەست‏پێشخەریی سێ هێزی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی گەلی بەلووچستان (حزب مردم بلوچستان) لە ئاستی کۆمیتەی شاری ستۆکهۆڵم‏دا پێکهاتبوو.

خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ بە کاتی ئورووپا دەستی پێکرد و سەرەتا مەبەستی خۆپیشاندانەکە ڕاگەیەندرا و دواتر وتەیەک بەزمانی سویدی لە لایەن ئاسۆ ساڵح، نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ لە ستۆکهۆڵم پێشکەش کرا.

ئاسۆ ساڵح لە گوتەکانیدا هەڵبژاردنەکانی ئێرانی بە سیناریۆ ناوبرد و لە درێژەدا گوتی؛ کەمترین مەجال بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک لە سیستمی سیاسیی ڕێژیمی ئێراندا بوونی نیە، هەربۆیە ڕیسواکردنی ئەو سیناریۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی هەر تاکێکی کۆمەڵگای ئێرانە.

پاشان ئازاد ئەمینی وتارێکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، پێشکەش کرد.

دواتر ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ بە زمانی سویدی لە لایەن شاهین خوسرەوی و هەمان ڕاگەیەندراو بە زمانی فارسی لە لایەن سەعید دلپەزیرەوە خوێندرانەوە.

لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو خۆپیشاندانەوە چەندین ئامار و بەڵگە لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا وەک گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدام بەزمانی سویدی خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی خۆپیشاندانەکەدا، ناڕەوابوونی هەڵبژاردنەکان و بەربەستەکانی بەردەم بەشداریی سیاسیی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا، زیاتر فۆکووسی خرایە سەر.

کۆمەڵێک خەڵک، وێڕای نوێنەرانی ئەو سێ حیزبە، لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و وێڕای پەیامەکانیان بە هەڵگرتنی درووشم و پۆستێری تایبەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی خەڵکی ناڕازی و نەتەوە ستەم‏لێکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.