کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو

17:34 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵێک لە کوردستانیانی نیشتەجێی وڵاتی سوێد، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە بەر دەرگای پارلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

سەرەتا خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی ناڕەزایەتی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوێد، بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە.

کاکایی لە پەیامەکەیاندا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئەو دەستدرێژی و هەڕەشانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و پشتگیری خۆتان بۆ گەلی بندەست و چەوساوەی کورد دەرببڕن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بە دەرەنجامی تێکهەڵچوونی چەکداری لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سپای پاسداران لە شاری شنۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرابوو.

هەر لە درێژەی ئەو باسەدا هێما بە بەرپرسە باڵا و سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرابوو کە چەندین جار هەڕەشەی بۆمب‌بارانی کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و ئاوارەکان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرا.

بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوێد، لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، دانیشتوانی ئەو کەمپانە خەڵکی مەدەنین وەک ژن ومنداڵ و بەساڵاچوو و هاوکات کەمپەکانیش نەک بنکەی سەربازی نین، بەڵکوو نەخۆشخانە و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و شوێنی بەساڵاچووانی تێدایە، هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم ڕێگری لەو هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و لەو پێوەندییەدا هەڵوێستی خۆتان دەرببڕن.

پاشان کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد، کە زۆرینەی حیزبە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستانی تێدا بەشدارن، لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون و لە لایەن هەڤاڵ نیهاد ئاکارەوە پەیامێک خوێندرایەوە کە تیایدا وێڕای مەحکووم‌کردنی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ئاوارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پشتیوانیی خۆشیان لەو قۆناغە نوێیەی خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

لە درێژەدا چەند پەیام و برووسکە خوێندرانەوە کە بریتین لە:

ـ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ــ پەیامی سازمانی دێموکراتیکی یارسان
ـ برووسکەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد

لەسەرجەمی پەیامەکاندا هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە وەک سیاسەتی تێرۆر و تۆقاندن ناویان دەهێنا شەرمەزار کران و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدانی قۆناغی نوێی خەبات، هاوکات پشتیوانیی خۆیان بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکیش نیشاندا.

مەبەستی سەرەکیی خۆپیشاندانەکە شەرمەزارکردنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوو کە لە سێ حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی بۆمب‌بارانی کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی لە ناو خاکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشووردا کرد و هاوکاتیش دەستی کردووە بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵات کە بەو هۆیەوە زۆربەی گوندەکانی ئەو سنوورە چۆلکراون و زەرەر و زیانێکی زۆریش بە دارستان و ژینگەی ئەو ناوچانە کەوتووە.

هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینەکەدا، خۆپیشاندەران پشتیوانیی خۆیان بۆ خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و سەرجەم ئەو پەنابەرە سیاسییانەی لە کەمپەکاندا لە باشووری کوردستان دەژین دەربڕی.

لە کۆتاییدا کوردۆ باکسی ئەندامی پارلمانی سوێد چەند وتەیەکی بە زمانی سوێدی پیشکەش کرد و ئاماژەی‌دا بە سیاسەتی دڕندانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر کورد و هەر چەشنە هەڕەشە و دەستدرێژییەکی ئەو ڕێژیمەشی بۆ سەر کەمپەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران مەحکووم کرد و گوتی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا کوردەکان لەگەڵ دوژمنێک بۆ داوای مافی ڕەوای خۆیان دەجەنگن.

ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا تیشکی خستەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر گەلانی ئێران و بە تایبەت گەلی کورد و گوتی، سەرکوتی خەڵکی ئازادیخواز، ئێعدامەکان، زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، چەوساندنەوەی ژنان، لەناوبردنی ژینگەی کوردستان، ئاگرتێبەردانی دارستانەکان و تۆپبارانی شاخەکان و ‌هتد....... کە لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە دەکرێن بۆ ترساندنی خەڵک و درێژەدان بە داگیرکاریی کوردستانە بە شێوەیەکی ئامانجدار و پلان داڕێژراو.

خۆپیشاندەران دەقی ناڕەزایەتی‌نامەکەیان لە لایەن هاوڕێیانی پێکهێنەری خۆپیشاندانەکە ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی سوێد کرد.

خۆپیشاندانێکی
خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو

خۆپیشاندانێکی
خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی دژ بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو