کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێکی هێمنانە بۆ پشتگیری لە زانیار و لۆقمان مورادی لە بەردەم زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو

14:29 - 4 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە زانکۆی شاری کۆیە بۆ پشتگیریی لە زیندانییانی سیاسیی کورد و بەتایبەت زانیار و لوقمانی مورادی، کە ئەگەری جێبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەیان لەئارا دایە، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی، یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە هاوکاریی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و کۆمەڵێک لە چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی کۆیە لە باشووری کوردستان، خۆپیشاندانێکی هێمنانەیان لە بەردەم زانکۆی کۆیە بەڕێوە برد.
رێوەرەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر پەیامی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لەلایەن سوهراب رەحمەتی، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئەو رێکخراوەوە پێشکەش کرا.
پاشان پەیامی یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن ئەژین بەهرامی، بەرپرسی کۆمیتەی ئازادیی ئەم رێکخراوە خوێندرایەوە. لەم پەیامەدا ئاماژە بەوە کرا بوو کە پشتیوانی لە زیندانیانیی سیاسیی کورد ئەرکی خوێندکارانی کورد و چالاکانی خوێندکاریی کوردە و یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران خۆی بە پشتیوانی هەمیشەیی ئەوان دەزانێت. هەروەها وێڕای دەبڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی تیرۆرکراوانی شاری پاریس، ئەو تیرۆرە بە پیلانی دوژمنانی نەتەوەی کورد دژ بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەم نەتەوە زانرا و وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو تیرۆرە داوا لە گشت ناوەندە نێونەتەوەیی‌یەکان کرا کە پێداچوونەوەی ئەو دۆسیە بکەن و بکەرانی بە بیرواڕای گشتی بناسێنن.
لەو پەیامەدا داوا لە گشت ناوەند و رێکخراوە نێونەتەوەیی‌یەکانی بەرگریکار لە مافی مرۆڤ کرد کە پێش لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت زانیار و لوقمان مورادی بگیردرێت.
دواتر شیعرێک لەژێر ناوی دەستە خوشکەکانی ئاسک لە نووسینی مەسعوود فەتحی لە لایەن یەکێک لە بەشدار بوانەوە خوێندرایەوە.
لە درێژەدا پەیامی چالاکانی خوێندکارانی زانکۆی کۆیە لەلایەن گۆڕان ئەیووبـەوە پێشکەش کرا.
پاشانیش وتاری نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی خوێندکارانی باشووری کوردستان لە زانکۆی کۆیە لەلایەن دلۆڤان هوریاوە خوێندرایەوە.
هەر لەو رێوڕەسمەدا چەن پەیامێکی دیکە لەلایەن شاڵاو ئازاد بە نوێنەرایەتیی بەشی یاسای زانکۆی کۆیە، زانکۆ عەبەدولکەریم چالاکایی خوێندکاریی باشووری کوردستانەوە پێشکەش کرا.