
دوای تێپەڕینی نزیک بە حەوتوویەک لە داڕمانی بینای "مێترۆپۆلـ"ـی ئابادان، ناڕەزایەتییەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئابادان و هەروەها دژ بە گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوامە.
خەڵک لە شارەکانی "ئابادان، ئەهواز، خوڕەم شەهر، شاهین شەهر، شاری ڕەی، بووشێهر، ماهشەهر و ئامیدیە" ڕژانە سەر شەقامەکان و بەتایبەت لە ئابادان لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە.
خەڵک لەسەر شەقامەکان دروشمیان داوە و ڕێبەری ڕێژیمیان بە ئامانج گرتووە.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردان خەڵکی شاری "ئیزە" بۆ پشتیوانی لە خەڵکی "ئابادان" هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمیان دا.
ڕۆژی هەینی لە درێژەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا لە چەندین شار بەتایبەت لە ئابادان لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیمدا تێکهەڵچوون ڕوویدا و لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقە لە خەڵک کرا.
بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ چەواشەی ڕووداوەکان و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵک، سەردانی قوربانییانی مێترۆپۆلیان کردووە.
هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو دواییانەی "ئابادان" پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکان خەڵک نیشان داوە و دەزگای سەرکوتکاری ڕێژیمیان مەحکووم کردووە.