کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئێران چوارەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند

12:29 - 25 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، خۆپیشاندانەکان دژی ڕێژیمی ئێران چوارەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند و هەروا درێژەی هەیە.

لە ڕۆژی چوارەمی خۆپیشاندانەکان، لە زانکۆکان و لەلایەن خوێندکارانەوە بە دژی ڕێژیمی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە دروشم درا.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی بەفرانبار، بڵاو بووەتەوە، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون و خوێندکارانی چەندین زانکۆ دژی ڕێژیم دروشمیان دا و ناڕزایەتییان دەربڕی.

شەوی ڕابردوو، خۆێندکارانی زانکوی تاران بە دروشمی ''نەمان بۆ خامنەیی'' و ''نەمان بۆ دیکتاتۆر'' ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دژی ڕیژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هەروەها لە زانکۆکانی "شەریف و پۆلی تەکنیکـ"ـی تاران، خوێندکاران بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەردەبڕن و بە دژی دروشم دەدەن.

خۆپیشاندەران بە دروشمەکانی: ''نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی'' ،"سپای بێ کیفایەت مایەی سەرشۆڕیی خەڵکە"، ''نەمان بۆ دیکتاتۆر''، ''نەمان بۆ خامنەیی''، ''سپای پاسداران بۆ ئێمە داعشە''، ''سپا تاوان دەکات، ڕێبەر پشتیوانی دەکات''، ''بەسیجی بڕۆ ون بە''، ''خامنەیی قاتڵە'' و دەیان دروشمی دیکە دژی ڕیژیم و سپای پاسداران و بەسیج، لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ترسی خرۆشانی بەربڵاوی خەڵک کەشێکی ئەمنیی بەسەر هەموو شارەکانی ئێران و کوردستان سەپاندووە و میلیتاریزەی کردووە.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستان، ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبار، دوای ئەوەی کە سپای تێرۆریستی پاسداران دانی بەوەدا نا کە ئەوان فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان بە مووشەک خستووەتە خوارەوە، دەستی پێکرد.