کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە عێراق بەردەوامن

12:10 - 21 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق، ناڕازییان لەسەر خواستەکانی خۆیان بەتایبەت بۆ دانانی سەرۆکوەزیرانێکی بێلایەن سوورن و درێژە بە خۆپیشاندانەکانی خۆیان دەدەن.

زیاتر لە سێ مانگە کە خۆپیشاندانەکان لە عێراق بەردەوامن و خەڵک بە هاتنە سەر شەقام لە دژی گەندەڵی و دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە لە کاروباری وڵاتەکەیاندا، دروشم دەدەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

ڕۆژی ڕابردوو، ٢٠ی بەفرانبار، خۆپیشاندانەکان لە بەغدا بەردەوام بوون.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم جارەی وڵاتی عێراقدا، ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو و بەشدارییەکی باش و کارایان هەبوو، هەر بۆیە ئەو سەرهەڵدانە بە ناوی "شۆڕشی ژنان" ناوبانگی دەرکرد، بەڵام دواتر بەهۆی هەڕەشەی کوشتنیان و ترساندن لە ڕفاندنیان، ڕێژەی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا کەم بووەوە.

خزمەتگوزاری و چاکسازی، هەروا پێشگرتن لە دەستیوەردانی گرووپ و لایەنەکانی دیکە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان دێنە ئەژمار.

خەڵکی عێراق جیا لە هەموو داواکارییەکان، داوای لە سەرکاردانانی سەرۆکوەزیرانێکی بێلایەن دەکەن و تاکوو ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و خۆپیشاندەراندا هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بەم پرسە نەکراوە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵیی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە بەغدا و لە چەندین پارێزگای دیکە دەستی پێکردووە و هەتا ئیستا درێژەی هەیە.