کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە عێراق و لوبنان درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران هێرشیان دەکرێتە سەر

12:00 - 28 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بەدوای بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە، بۆ پێشگرتن بە خۆپیشاندەران، هێرش دەکەنە سەریان و سەرکوتیان دەکەن.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بۆ چەندەمین مانگە درێژەی هەیە و لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی ڕویتێرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانبار، شەڕ و تێکهەڵچوونێک لە دەوروبەری "پردی سیناک"، کە گرێدراوە بە ناوچەی سەوزی بەغداوە ڕووی داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، هێزەکانی پۆلیس و ئەمنییەتی عێراق، بە "گازی فرمێسکڕێژ" هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و لە ئەو تێکهەڵچوونانەدا، لانیکەم ٢ کەس کوژران و ٢٥ کەس بریندار بوونە.

هێزە ئەمنییەتییەکان و سەرچاوەکانی پێڕاگەیشتنی پزیشکی ڕایانگەیاندووە، بە شوێن داگیرکردن و بەستنی پردی سیناک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی پرد، گازی فرمێسکڕێژیان بۆ خۆپیشاندەران هاویشتووە.

خۆپیشاندەرانی عێراق لە چەند مانگی ڕابردووەوە بە دروشمگەلێک دژ بە "گەندەڵی، بێکاری، ناکارامەیی دەسەڵات و دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا"، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

 لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق سەدان کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بریندار بوونە.

هەر لەو پەیوەندییەدا خۆپیشاندەرانی لوبنانی، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانبار، هێرشیان کردووەتە سەر بانکی ناوەندیی لوبنان و دیوارەکانی دەرەوەی ئەو بانکەیان لە "ئەلحەمرا" ئاگر تێبەرداوە.

پاش چڕبوونەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان خۆپیشاندەران و هیزە ئەمنییەتییەکاندا، بۆ سەرکوتی زیاتری خۆپیشاندەران لە کەرەستە و ماشینگەلی نیزامی کەڵک وەرگیراوە.