کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە عێراق و لوبناندا بەردەوامە

10:28 - 14 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە لوبنان وعێراقدا درێژەی هەیە. ٣ کەس لە شاری کەربەلا و ٥ کەسیش لە بەغدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتەوە کوژراون.

بە وتەی سەرچاوە ئەمنییەتی و دەرمانییەکانی عێراق، شەوی ڕابردوو لە ڕەوتی هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر کۆنسولگەریی ڕێژیم ئێران لە شاری کەربەلادا، ٣ کەس کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم سێ کەسە کە ویستوویانە بچنە نێو بینای کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراقەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.

 بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی دووشەممە لە شاری بەغدا، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئاکامدا ٥ کەس کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، چالاکانی مەدەنی لە بەغدا بڕیاریان دابوو کە مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی دووشەممەوە هەتا کاتێکی نادیار درێژە پێ بدەن. ئەوان وتبوویان کە بۆ گوشار خستنە سەر بەرپرسان و وەدیهاتنی داواکارییەکانیان، ئەم مانگرتنانە درێژە پێ دەدەن.

هەروەها لە "لوبنان" خۆپیشاندانەکان هەروا درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران بە دەرکردنی بەیانییەیەک، ڕۆژی دووشەممەیان بە ڕۆژی مانگرتنی گشتی و گوشار بۆ سەر سەردەمدارانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

لەم بەیانییەدا خۆپیشاندەران داوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی کاتی، بەبێ بەشداریی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە بوون، تاکوو لەم ڕێگایەوە بتوانن قەیرانی ماڵیی ئەو وڵاتە ئیدارە بکەن و کەمپەینی بەرنگاری لەگەڵ گەندەڵی ڕێبەری بکەن. خۆپیشاندەران هەروەها داواکاری ئەوەن کە سامانی گشتیی لوبنان بگەڕێندرێتەوە.