کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە ناوچەکە دژ بە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

13:16 - 28 جۆزەردان 2720

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وڵاتانی دراوسێی ڕێژیمی ئێران دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە وڵاتەکانیان و حوزووری هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە.

ماوەی نزیک بە یەک مانگە کە خەڵکی وڵاتانی "عێراق، لوبنان، سووریە و ئەفغانستان"، بەرانبەر بە کردەوە دژەمرۆییەکان و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و حوزووری هێزە نیابەتییەکانی ئەو ڕێژیمە وەزاڵە هاتوون و دەستیان داوەتە خۆپیشاندانگەلێکی بەرین.

لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی خۆپیشاندەری عێراقی لە "مەیدانی ئەلتەحریری بەغدا" بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی "بەسرە" هاتنە سەر شەقام.

خەڵکی عێراق لە خۆپیشاندانەکانی خۆیاندا داوای نەمانی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە وڵاتەکەیاندا دەکەن و هەروەها خوازیاری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتەدا کۆتایی پێ بهێنێت.

لاوانی خۆپیشاندەر لە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی بەسرە وتوویانە: "بەسرە تێک چووە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە میلیشیاکاندایە، دیکتاتۆرەکان بەسرە ئیدارە دەکەن، تاوانبارەکان بەڕێوەی دەبەن و ئەوان دەبێ سزا بدرێن".

ئەوان هەروەها وتوویانە: "بەسرە هێزی سەربازیی سەرکوتکەری بەسەردا سەپاوە و خەڵک زوڵمی لێ دەکرێت و لە سەرەتاوە تا ئێستا، لاوەکانی بەسرە لەلایەن ئەوانەوە دەچەوسێندرێنەوە، لە حاڵێکدا کە بەسرە یەکەم پارێزگایە کە دژ بە حیزبەکان ڕاوەستاوە".

لاوانی خۆپیشاندەری عێراقی لە خۆپیشاندانەکانیاندا پێداگرییان لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکانیان کردووە و سەرکەوتنی بەسرە بە سەرکەوتنی عێراق دەزانن.