کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە وڵاتانی ناوچە دژ بە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

13:54 - 24 جۆزەردان 2720

نزیک بە چەند حەوتوویە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دژ بە حوزووری هێزە گرێدراوەکانی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن و هەتا ئێستاش ئەو خۆپیشاندانانە بەردەوامە.

وڵاتانی "لوبنان"، "سووریە" و "عێراق"، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا خۆپیشاندانگەلێکیان بەرانبەر بە دۆخی نالەباری ئابووری و هاتنەخوارەوەی نرخی دراو و هەروەها دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و هەبوونی هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لەو وڵاتانەدا بەڕێوە بردووە.

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانانەدا سەدان کەس لە خەڵکی شاری "سوەیدا" لە باشووری سووریە دژ بە ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" ڕژانە سەر شەقامەکان.

"ڕۆیتێرز" نووسیویەتی کە خەڵک لەو خۆپیشاندانانەدا داوای ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەدیان کردووە و هەروەها چوونەدەرەوەی هێزەکانی سەر بە ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران کە پشتیوانی لە بەشار ئەسەد دەکەن.

هەروەها دۆخی ئابووریی داڕماوی "لوبنان" و حزووری "حیزبوڵڵا"، خەڵکی ئەو وڵاتەی کێشاوەتە سەر شەقام و خۆپیشاندانگەلێکی بەربڵاو بەڕێوە دەچێت.

ئەوان لەو خۆپیشاندانانەدا بەردەوام داوای چەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان دەکەن و هەروەها داوای چاکسازیی ئابووری دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە بڕیارە لە نیوەی دووەمی مانگی ژووئەنەوە گەمارۆگەلێک لەژێر ناوی "ڕەشنووسی سزار" دژ بە ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" دابنێت.

گەمارۆکانی ئامریکا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بانکەکانی لوبنان و حیزبوڵڵای لوبنان دەبێت و هەروەها ئامریکا وتوویەتی: "بەو گەمارۆوانەوە نایهەوێت کە زەربە لە ئابووریی لوبنان بدات، بەڵکوو دەیهەوێت حیزبوڵڵای لوبنان لەنێو بەرێت".

لەو خۆپیشاندانانەدا مۆرەکانی حیزبوڵڵا لە "بەیرووت" لەنێو خەڵکدا دووکانەکانی نێو شاریان ئاگر داوە بۆ ناوزڕاندنی خۆپیشاندەران و ئەمە یەکێک لە شێوازەکانی ڕێژیمی ئێرانە بۆ ناوزڕاندنی خۆپیشاندەران.

هەروەها لە "بەسرە" و "کەربەلا"، دوو پارێزگای گەورەی عێراق، خەڵک بەرانبەر بە گەندەڵیی دەوڵەت، بێکاری و دزەکردنی حیزبەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کاروباری سیاسیی ئەو وڵاتەدا خۆپیشاندانگەلێکیان بەڕێوە برد.