
کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران سێهەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕ کرد و هێزەکانی ڕێژیم لە سەرکوتکردنی خەڵک بەردەوامن.
بەپێی هەواڵ و ویدیۆوە بڵاوکراوەکان، خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران بەهۆی خستنە خوارەوەی "فڕۆکەی ئۆکراینیی بووئینگی ٧٣٧"، بەردەوامە و خەڵک شەوانە دێنە سەر شەقامەکان و دروشمگەلێک دژی تەواوەتی ڕێژیم دەڵێنەوە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بەفرانبار، بۆ سێهەمین ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان، خوێندکاران و خەڵکی سنە هاتنە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم و خوێندنی سروود، ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەروەها خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە سنە، بە نیشانەی دژایەتی لەگەڵ بیرۆکە و کرداری ڕێژیمی ئێران، لە چوونە سەر ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا خۆیانیان بوارد.
خۆپیشاندەران لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، بە گازی فرمێسکڕێژ پەلامار دران و هەوڵی ڕەواندنەوەیان لە خۆپیشاندانەکە درا.
ئەو خۆپیشاندانانە لە کەشێکی ئەمنیی توند و تۆڵدا ئەنجام دراوە و خۆپیشاندەران خوازیاری نەمانی دەسەڵاتن و ڕاستەوخۆ بکەرانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەکەنە ئامانجی دروشمەکانیان.
هاوکات لە چەند شاری دیکەی ئێراندا خەڵک هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان کرد و لە زۆربەی شارەکانیشدا تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و خەڵک هاتە ئاراوە.