کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران پێنجەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند

12:50 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پێنج ڕۆژە کە خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و ئێران بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ دروشمەکان توندتر و ڕووخێنەرتر دەبنەوە.

پاش تێپەڕینی حەوتوویەک بەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە، خەڵکی ئێران و کوردستان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامن.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی "زانکۆی کوردستانـ"ـی پارێزگای سنە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، پێنجەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان لەلایەن خوێندکارانی ئەو زانکۆیەوە بەڕێوە چوو و لەو خۆپیشاندانانەدا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خوێندکاران و خۆفرۆشەکاندا هاتە ئاراوە.

لەو خۆپیشاندانانەی ڕۆژی چوارشەممەدا، خۆپیشاندەران دروشمگەلێک وەک: "ئێمە منداڵی شەڕین، شەڕ بکەن تا شەڕ بکەین؛ سپایی شەرم بکە وڵاتمان تەرک بکە؛ خوێندکاری بەغیرەت پشتگری پشتگری؛ پلیکان مەکەن بە ئاڵا، ئێران ئاوەدان بکەنـ"ـیان دەوتەوە.

خوێندکاران لە دروشمەکانیاندا باسی کێشانەوەی ئاڵای ئامریکایان لەسەر پلیکانەکانی ئەو زانکۆیە کرد و لە ڕۆیشتنە سەر ئاڵای ئامریکا خۆیان دەبوێرن.

هەروەها خوێندکارانی "زانکۆی سەنعەتیـ"ـی کرماشان، لەنێو ساڵۆنی زانکۆدا بۆ یادکردنەوەی دووبارەی قوربانییانی کارەساتی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی کۆ بوونەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەوڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، خەڵکی سنە لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی قوربانییانی ئەو کارەساتەدا بەشدارییان کرد و دروشمگەلێک وەک: "خامنەیی قاتڵە ویلایەتی باتڵە؛ مەرگ بۆ دیکتاتۆر؛ دەیکوژم دەیکوژم ئەوەی براکەمی کوشت؛ خامنەیی گوێت لێ بێت، ئێمە میللەتین نەک ئەوباش؛ مەرگ بۆ ستەمکار چ شا بێت و چ ڕێبەر"یان دەوتەوە.

خەڵکی ئێران و کوردستان ماوەی چەند ڕۆژە بەتوندی ڕێژیم و تەواوەتی نیزام دەکەنە ئامانجی دروشمەکانیان و لە بەرانبەردا، هێزەکانی ڕێژیم بە توندترین شێوە خەڵک سەرکوت دەکەن.