کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی بەلووچستان چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە

12:19 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دەسبەسەرکردنی یەکێک لە مامۆستا ئایینییەکانی سونە مەزهەب لە بەلووچستان کە ڕەخنەگری ڕێژیمی ئێران بوو، ناڕزایەتیی خەڵکی بەلووچستانی لێکەوتەوە. هەروەها لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تێلگرامیی "کەمپەینی چالاکانی بەلووچ"، ناڕازییان لە کاردانەوە بە دەسبەسەرکردنی ''مەولەوی عەبدولڕەحمان کوهی''، مامۆستای ئایینیی سونە مەزهەب، لە دوو ڕێیانی ''پەشامەگ- سەربازی باشوور''، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا.

 خۆپیشاندەران بە نیشانەی ناڕەزایەتی، جادەی ''سەرباز- چابەهار''یان داخستبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ بڵاوەکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان کردووە و گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.

لەم خۆپیشاندانەدا ٦ کەس بریندار بوونە و چەند کەسیش دەسبەسەر کراون.

هەروەها لە شاری چابەهار، دووکانداران و بازاڕییان بە داخستنی دووکانەکانیان، ناڕزایەتیی خۆیان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی مامۆستای ئایینیی سونە مەزهەب و هەروەها گرانکردنی نرخی بێنزین دەربڕی.

بە وتەی سەرچاوەکان، ''مەولەوی عەبدولڕەحمان کوهی'' لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێران کە بەهۆی گرانکردنی نرخی بێنزین دەستی پێکرد، پشتیوانیی لە ناڕزاییان کردبوو و سەرکوتی خەڵکی مەحکووم کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ''کوهی'' سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، پێکهێنانی ئالۆزی لە ناوچەکە و سیاسەتەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا دژایەتیی دربڕیبوو.

هەروەها لەبارەی بڵاوکردنەوە چەک لەنێو عەشایری بەلووچ لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران، دژایەتیی خۆی ڕاگەیاندبوو.