کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی عێراق تا ئێستا ٦٣ کوشتەی لێکەوتووتەوە

11:41 - 5 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە، بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵیی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە شاری بەغدا و لە چەندین پارێزگای دیکە دەستی پێکرد، بۆ جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە.

سەرچاوە هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە، ٤ی خەزەڵوەر، باسیان لە کوژرانی ٦٣ کەس و برینداربوونی ١٨٠٠ کەسی دیکە لە خۆپیشاندەرانی عێراقی کردووە.

لە دووهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا، لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەتییەکان تێکهەڵچوون ڕووی دا و لانیکەم ٥ کەس کوژراون.

لە بەغدا ٣ کەس و لە شاری ناسرییە ٢ کەس لە خۆپیشاندەران کوژراون.

خۆپیشاندەران بە کۆبوونەوە لە بەردەم کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە کەربەلا، داوای ئەوەیان کردووە کە ڕێژیمی ئێران لەم وڵاتە بڕواتە دەرەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاو بووەتەوە، خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران،  ئاڵای ئەو ڕێژیمەیان داگرتووە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبر، بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵیی ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاری، لە شاری بەغدا و لە چەندین پارێزگای دێکە دەستی پێکرد، بە توندترین شێوە وڵامیان دانەوە و نزیکەی ١٥٠ کەس کوژران.

ئەم خۆپیشاندانانە زیاتر ناوچە شیعەنشینەکانی عێراقی گرتووەتەوە کە خۆپیشاندەران بە سەرهەڵدانی دروشمی ''عێراق ئازادە، ئێران بڕۆ دەرەوە''، دژایەتیی خۆیان بەنیسبەت دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران دەردەبڕن.

"عادڵ عەبدولمەهدی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای چاکسازیی ئابووری و گۆڕینی کابینەی کردووە، بەڵام تا ئێستا خۆپیشاندەرانی ڕازی نەکردووە.