کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەران لە تاران بە دروشمی نەمان بۆ دیکتاتۆر ڕاژانە سەر شەقام

17:46 - 4 گەلاوێژ 2721

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەحواز و پشتیوانیی شارەکانی دیکە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ، لە شاری تاران ژمارەیەک لە خەڵکی ناڕازی لە شەقامی ''جمهووری'' دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

خەڵکی ناڕازی لەو خۆپیشاندانەدا دروشمی وەک: ''توپ، تانک، فشفشه، آخوند باید گم بشه''، ''نه غزه، نه لبنان، جانم فدای ایران''، ''خامنه‌ای حیا کن مملکتو رها کن'' و ''مرگ بر دیکتاتور''یان دا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، لە وێستگەی مێترۆی ''سادەقییە''ی تاران چەندین ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووە کە پیشانی دەدا خەڵک دروشمی ''نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی'' و ''نەمان بۆ ئەسلی ویلایەتی فەقیهـ'' ـیان دەدا.

لە ڕۆژانی ڕابردوو دوای نزیکەی ١١ ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان لە ئەحواز، لە چەندین شاری وەکوو تەورێز، بجنورد، کەرج، جونقان و ئەلیگودەرز و چەندین شاری دیکە خۆپیشاندان دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چووە.

هەتا ئێستا ٨ کەس لە خەڵکی ناڕازی لەو خۆپیشاندانانەدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژران و سەدان کەسیش دەسبەسەر کراون.