کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئێراندا هێرشیان کردووەتە سەر دەفتەرەکانی نوێنەرایەتیی خامنەیی

10:46 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، خۆپیشاندەران بە هێرشکردنە سەر دەفتەرەکانی نوێنەرایەتیی خامنەیی لە شارەکاندا، ڕق و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بەردەوامە و وێڕای سەرکوتی خەڵک لەلایەن ڕێژیمەوە، خەڵکی ناڕازی ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم دەکەنە ئامانج و چەندین دەفتەری نوێنەرایەتیی خامنەیی، ئاگریان تێبەردراوە.

لە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی ناڕازیی شیراز، دەفتەری پێشنوێژی هەینیی "شەهرەکی سەدرا"یان ئاگر تێبەرداوە.

هەروەها لە یەزد، دەفتەری نوێنەری وەلیی فەقیهـ و پێشنوێژی هەینیی ئەم شارە، کراوەتە ئامانجی خۆپیشاندەران.

ئەو شوێنانەی کە لەلایەن خەڵکەوە هێرشیان کراوەتە سەر، بریتین لە: "دەفتەری پێشنوێژی هەینیی شاری قودس لە ڕۆژئاوای تاران؛ دەفتەری پێشنوێژی بەندەری ئیمامی خووزستان؛ مەدرەسەی عیلمییەی مەهدی لە ئەهواز؛ مەدرەسەی عیلمییەی ژنانی کەوسەر لە کەرەج؛ حەوزەی عیلمییەی زەینەبییەی ئیسفەهان و مەدرەسەی عیلمییەی خاتەمولئەنبیای شیراز و...".

زۆربەی ناڕازییان لە درێژایی ڕۆژانی ڕابردوودا، دروشمگەلێکیان دژی ئاخوندەکان و ویلایەتی فەقیهـ داوە و وێنەکانی خامنەییان سووتاندووە.