کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراق: "خامنەیی قاتڵە"

18:56 - 18 پووشپەڕ 2720

 دوای ئەویەکە کارناس و لێکۆڵەری تەناهی "هیشام ئەلهاشمی"  لە شاری بەغدا لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا تیرۆر کرا؛ خەڵکی عێراق خۆپێشاندانیان دژی ڕێژیمی تاران بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەی وێنەی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەحاڵێکدا کە خوێن لە ددانەکانی دەتکێ؛ دروشمی "خامنەیی قاتڵە"، "میلیشیا چەکدارەکانی باتڵە"یان دووپات کردەوە.

"هیشام ئەلهاشمی" لە پێوەندی لەگەڵ ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە ناڕەزایەتی دەردبڕی کە دواتر تێرۆر کرا.

لایەنگرانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دنیای مەجازیدا بە نووسینی بابەت و  پۆستی جیاواز خۆشحاڵی خۆیان لە کوژرانی ئەم لێکۆڵەرە دەربڕیوە.

تیرۆرکردنی شرۆڤەکار و پسپۆڕی ستراتیژیی "هیشام هاشمی"، لە عێراق و ناوچەکەدا دەنگی دایەوە و هەروەها جارێکی دیکە مەترسیی باڵادەستبوونی میلیشیاکانی زیندوو کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە توندی تێرۆرکردنی هاشمیی سەرکۆنە کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە: "ڕاپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە میلیشیا ئێرانییەکان دڵخۆشن بەو تیرۆرکردنە؛ ئەوەش ئاکارێکی خراپە بەرامبەر ئەو بەهایانەی کۆمەڵگەی عێراق شانازییان پێوە دەکات".