کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی بەڵگەکانی سیخوڕیی کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران ڕوو دەکەن

12:05 - 8 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پاش هێرشی خۆپیشاندەرانی عێراقی بۆ سەر کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە نەجەف، کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر سیخوڕیی کۆنسولگەریی ئێران لەو وڵاتەدا کەوتووەتە دەستی خۆپیشاندەرانەوە.

بەپێی ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لەلایەن خۆپیشاندەرانی عێراقی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، پاش هێرشی خۆپیشاندەران بۆ سەر کۆنسولگەریی  ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر هەندێک بەڵگەدا گرتووە کە سەلمێنەری ئەوەیە ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە دزە بکاتە نێو فڕۆکەخانەی ئەو شارەوە.

هەروەها یەکێک لە خۆپیشاندەران باس لەوە دەکات: "ئەو بەڵگانە نیشان دەدات کە کۆنسولگەریی ئێران هەندێک بەڵگەی سەبارەت بە فڕۆکەخانە و پارێزگای نەجەفەوە هەیە کە هیچ پێوەندییەکی بە وڵاتی ئێرانەوە نییە و ئەمە نیشان دەدات ئەوان دەستیان بردووەتە نێو کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەمانەوە".

پاش هێرشی خۆپیشاندەرانی عێراقی بۆ سەر کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، عێراق خوێناویترین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند کە ٣٥ کەس لە یەک ڕۆژدا لە سێ شاری ئەو وڵاتە لەلایەن هیزەکانی تەناهیی عێراقەوە کوژران.

خۆپیشاندەرانی عێراقی کە زیاتر شیعەن، دەوڵەتی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانبار دەکەن.

خۆپیشاندەرانی عێراقی بەرانبەر بە دزەکردنی ئێران لەو وڵاتە، بێکاری، بارودۆخی نالەباری ئابووری، گەندەڵیی بەرپرسان و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.