کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی داوای ڕووخانی حکوومەت دەکەن

10:41 - 13 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان لە عێراق درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران داوای ڕووخانی حکوومەت دەکەن و بڕیاریان داوە تا وەدیهاتنی داواکارییەکانیان ئیتر نەکشێنەوە، هەروەها ناڕازییان دژی ڕێژیمی ئێران دروشم دەدەن.

خۆپیشاندەران ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، لە بەغدای پێتەختی عێراق، شەقامە سەرەکییەکانیان داخست.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بە هەواڵدەریی فەرانسەی وتووە: "ئیمە بە بەستنی ڕێگاکان ئەم پەیامە بە دەوڵەت دەدەین کە تا کاتێک کەسانی گەندەڵ و دز وەدەر نەنێت و هەتا ڕووخانی دەوڵەت درێژە بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دەدەین. ئێمە ئیجازە نادەین فەرمانبەرانی دەوڵەت بچنە سەر کارەکانیان''.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێس" لە زاری شایەتحاڵەکان وتوویەتی کە دەیان خۆپیشاندەری عێراقی لە شاری کەربەلا هێرشیان کردووەتە سەر کونسولگەریی ڕێژیمی ئێران و ئاڵای ڕێژیمی ئێرانیان هێناوەتە خوارەوە و ئاڵای عێراقیان لە جێگای ئەو داناوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە ئەمنییەتییەکان بە تەقەی هەوایی هەوڵیان داوە کە لە دەوروبەری ئەم بینایە خۆپیشاندەران کە ئاگریان کردبووە و بەردیان دەهاویشت، بڵاوە پێبکات.

هەروەها، خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف شەقامێک کە بە ناوی خومەینی، ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی ئێران ناو نرابوو، بە شەهیدانی ئوکتۆبر ناودێر کرد.

لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە، دەیان هەزار ناڕازی داوای بنبڕکردنی گەندەڵیی ماڵی، دانانی هەلی کار، خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و... دەکەن.

خۆپیشاندەران لە بەغدا بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆیان کە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبرەوە ڕاگەیاندرابوو، شکاند و لە بەرچاویان نەگرت.

حەوتووی ڕابردوو، ''بەرهەم ساڵح''، سەرکۆماری عێراق وتبووی کە ''عادڵ عەبدولمێهدی'' لە پۆستی سەرۆک وەزیران دەکشێتەوە.

بەڵێنییەکانی دەوڵەت بۆ ئەوەی کە چاکسازی بکات، نەیتوانیوە خۆپیشاندەران ڕازی بکات.

لە شاری بەغدا، ناڕازییانێک کە لە مانگێک لەمەوە پێشەوە لە خۆپیشاندانی دژی دەوڵەت هاتوونەتە سەر شەقام، دەڵێن کە دەبێ دەوڵەت بڕوات.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی عێراق تا ئێستا نزیکەی ٢٦٠ کەس کوژراون و ١٢هەزار کەس بریندار بووە.