کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی داوای گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتە دەکەن

13:08 - 11 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: هەزاران کەس لە شارۆمەندانی ناڕازیی خەڵکی عێراق لە مەیدانی "ئەلتەحریر" کۆ بوونەوە؛ داواکاریی خۆپیشاندەران گۆڕاوە؛ خۆپیشاندەران ئێستا داوای گۆڕینی سیستمی پارلمانی بۆ سەرۆکایەتی و بنبڕکردنی دەستتێورەدانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس، ڕۆژی هەینی، ١٠ی خەزەڵوەر، گەورەترین خۆپیشاندانی شارۆمەندانی عێراقی لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە تا ئێستا لە مەیدانی ئەلتەحریری بەغدا بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندەران، مەیدانی ئەلتەحریر و هەموو شەقامەکانی دەوروبەریان گرتبوو. هێزە ئەمنییەکان بە دانانی سەنگرر لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە پێش بە خۆپیشاندەران بگرن، هەتاکوو نەهێنە نێو پردی جمهووری و ناوچەی سەوزی بەغدا.

خۆپیشاندەران، ئیستا داوای گۆڕینی سیستمی پارلمانی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی دەکەن.

سیستمی پارلمانی لە عێراقدا بەپێی پەسەندکراوی یاسای بنەڕەتیی  ساڵی ٢٠٠٥وە پێک هاتووە. پێشتر لە ساڵی دا١٩٥٨ سیستمی سەرۆکایەتی جێگای نیزامی پاشایەتیی گرتەوە.

پارلمانی عێراق ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، بۆ تاوتوێی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دانیشتنی پێک هێنابوو، لەم دانیشتنەدا نوێنەرانی پارلمان کۆمیتەیەکیان بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی پێک هێنا.

زۆرێک لە خۆپیشاندەران، ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری دۆخی خراپی ئابووری و سیاسیی عێراق دەزانن.

لە ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، خۆپیشاندەران لەسەر وێنەی "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی سپای تیرۆریستی قودس، هێڵی سووریان کێشاوە و بە پێڵاوەکانیان لەم وێنانەیان داوە.

هاوکات، تاقمێک لە کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هاتوونەتە نێو خۆپیشاندەران و دروشمیان بە دژی ئامریکا و ئیسرائیل داوە و لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە خۆپیشاندەران بە لاڕێدا ببەن. ئەم دوای سێ ڕۆژ لە قسەکانی خامنەیی، ڕووی داوە.

"خامنەیی"، ئامریکا و وڵاتانی ڕوژئاوایی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بە پارەی عەرەبستان لە هەوڵی ئەوەدان کە وڵاتی عێراق و لوبنان ناسەقامگیر بکەن.

خۆپیشاندانەکانەکان لە عێراقدا، مانگێک لەمەو پێش بە دژی گەندەڵی، بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاری و گرانی و هەروەها دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەم وڵاتەدا دەستی پێکرد و تاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ کەس کوژراون و هەزارن کەسیش بریندار بوونە.