کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی سەرەڕای تەشەنای کۆرۆنا لەسەر داواکانیان سوورن

12:57 - 3 بانەمەڕ 2720

پاش کۆتاییهاتنی قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆربەی شارەکانی عێراق، خۆپیشاندەران چوونەوە سەر شەقامەکان و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان دا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایانگرتبوو.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەڕ، یەک ڕۆژ پاش لابردنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤیدی ١٩، خەڵکی خۆپیشاندەری عێراق جارێکی تر گەڕانەوە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و لەلایەن کەسانێکی نەناسراوی چەکدارەوە هێرشیان کرایە سەر.

ئەو هێرشە لەلایەن کەسانی نەناسراوی چەکدارەوە بۆ سەر خۆپیشاندەرانی عێراقی کە لە مەیدانی "ئەلخێلانی" لە بەغداد کۆ ببوونەوە، بوو بەهۆی برینداربوونی ٢ کەس لە خۆپیشاندەران.

لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا، خۆپیشاندەران بە "بەرد و کۆکتێل مۆلۆتۆف" هێرشیان کردووەتە سەر بکەرانی ئەو هێرشە و هێزە ئەمنییەتییەکانی عێراق بەرانبەر بەو تێکهەڵچوونە کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

سەرەڕای ئەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقیش بڵاو بووەوە و یاساگەلێک وەکوو قەدەغەکرانی هاتوچۆ بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بەڕێوەچوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە دەیان خۆپیشاندەری عێراقی لەنێو خێوەتەکانی خۆیان لە مەیدانە گشتییەکانی بەغدادا مانەوە و بەشێوەی مانگرتن درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان دا.