کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندەرانی عێراقی نووسینگەکانی "حیزبی دەعوە و سپای بەدریان" ئاگر دا

12:34 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کوشتنی چالاکێکی مەدەنی لە شاری ناسرییە، نووسینگەکانی سپای بەدر و حیزبی دەعوەیان ئاگر تێبەردا.

ڕۆژی هەینی، ٢٩ی سەرماوەز، خۆپیشاندەرانی عێراقی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کوژرانی چالاکێکی کرێکاری کە بەردەوام لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقدا بەشداریی کردووە، نووسینگە و بنکەی حیزبی دەعوە و سپای بەدریان لە شاری ناسرییە ئاگر تێبەرداوە.

هەروەها گرووپێک لە خۆپیشاندەران پردی پێوەندییەکانیان لە ناوەندی ئەو شارە داخستبوو.

سپای بەدر ڕێکخراوێکی سیاسیی میلیشیای شیعەی نزیک لە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە و هەروەها حیزبی دەعوەش ڕێکخراوێکی سیاسیی شیعەی عێراقە.

لە مانگی ئۆکتۆبرەوە، عێراق گۆڕەپانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی عێراق بەرانبەر بە بێکاری، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی و هەروەها ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا بووە.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای هێزە نیابەتییەکانیەوە، بەتایبەت سپای قودس و "قاسم سلێمانی"، فەرماندەی ئەو سپایە، هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتە و دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێ دەدەن.