کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشانەدەران لە عێراق: هەتا ڕووخانی حکوومەت، خۆپیشاندان درێژەی هەیە

12:33 - 10 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای ڕاگەیاندنی دەست لە کار کێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و کابینەکەی، خۆپیشاندەران لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان جەختیان کردەوە و داوای ڕووخانی حکوومەت دەکەن.

ڕۆژی شەممە، ٩ی سەرماوەز، خەڵکی عێراق دوای دوو ڕۆژی خوێناوی لە شارەکانی نەجەف و ناسرییە، کە ڕاگەیاندنی دەست لە کارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی لێکەوتەوە، بۆ جارێکی تر هاتنەوە سەر شەقامەکان تاکوو لەسەر بەردەوامیی بزووتنەوەی ناڕزایەتیی خۆیان پێداگری بکەن.

خۆپیشاندەران دەست لە کار کێشانەوەی ''عادڵ عەبدولمەهدیـ''ـیان بە هەنگاوی یەکەم ناو بردووە و دروشمی دەست لە کار کێشانەوە و دادگاییکردنی کەسانی گەندەڵیان داوە.

خۆپیشاندەران لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپیشانانەکان جەختیان کردەوە و داوای ڕووخانی حکوومەت دەکەن.

هەروەها بە وتەی سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق، خۆپیشاندەران ڕۆژی شەممە، لە باشووری نەجەف، گۆڕی ''مەحەممەد باقر حەکیمـ''ـیان ئاگر تێبەرداوە.

خۆپیشاندانەکان لە عێراق دوو مانگ لەمەوە پێش بە دروشمی دژی گەندەڵی، بێکاری، ناکارامەبوونی دەوڵەت و دەستتێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە دەستی پێکرد و تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ کەس لەم خۆپیشاندانەدا کوژراون.