کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی لە قوروە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی

12:02 - 23 بەفرانبار 2721

لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شاری "قوروە" دەستیان داوەتە خۆکوژی کە لەو ژمارەیە ٦ کەسیان توانیویانە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بێنن.

 لەو ٦ کەسە، ٣ کەسیان ژن و ٣ کەسیش پیاو بوونە، ٥ کەسیان خێزاندار و ١ کەسیان سەڵت بووە. ٣ کەس لە شار و ٣ کەسیش لە گوند خۆیان کوشتووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ٩٤ کەس لەو شارە هەوڵی خۆکوژییان داوە کە لەو ڕێژەیە ٤١ کەسیان پیاو و ٥٣ کەسیان ژن، ٦٠ کەسیان خێزاندار و ٣٤ کەسیش سەڵت بوونە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ئەو کەسانەی کە هەوڵی خۆکوژییان داوە لە شار ٧٦ و لە گوندەکان ١٨ کەس بوونە. زۆربەی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە تەمەنیان ١٥ تا ٤٤ ساڵ بووە.

زۆرترین ئاماری خۆکوژییەکان لە ئەمساڵدا بۆ ٣ مانگی پاییز دەگەڕێتەوە کە ٣٥ کەس لەم وەرزەدا خۆیان کوشتووە، لە حاڵێکدا لە سێ مانگی بەهاردا ٢٨ کەس و لە ٣ مانگی هاویندا ٣١ کەس خۆیان کوشتووە.

بەپێی ئامارەکان ڕێژەی خۆکوژیی ژنان لە پیاوان زیاتر بووە. خۆکوژی لە نێوان کەسانی خێزاندار لە سەڵت زیاتر و لە شاریش زیاتر لە گوند بووە.

زۆربەی خۆکوژییەکان لە گوندەکانی کە ئیمکاناتیان نییە و لە شاریشدا لە ناوچەکانی پەراوێزی شاردا ڕوویان داوە.

ئاستی خوێندەواریی زۆربەی ئەو کەسانەی خۆکوژییان کردووە، ژێر "دیپلۆم" بووە و زۆربەشیان یەکەم جاریان نەبووە کە هەوڵی خۆکوژییان داوه.

هۆکاری سەرەکیی خۆکوژییەکان لەو شارستانە بۆ "بێکاری، ئێعتیاد، هەژاری، وازهێنان لە خوێندن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، کێشەی بنەماڵەیی، توندوتیژی بنەماڵەیی، کێشەی ئابووری، کێشەی ڕوحی و ڕەوانی و... دەگەڕێتەوە.