کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوژی لە ئێران ڕووی لە زیاد بوونە

18:11 - 1 رێبەندان 2720

بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای  خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتاکوو مانگی سەرماوەز خۆکوژی بەنیسبەت ساڵی ڕابردووەوە ٤.٢ لەسەد زیادی کردووە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە ئێران بەجۆرێکە کە ڕۆژانە ١٥ کەس هەوڵی خۆکوژی دەدەن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕێژەیە ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە ١٤ کەس بوو.

زۆرترین ڕێژەی خۆکوژی لەنێو کەسانی تەمەن ١٣ هەتا ٣٥ ساڵ ڕوو دەدات، بێکاری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی فەزای ئازاد بۆ ژیان و نەمانی پاڵنەر بۆ ژیان هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی خەڵکی ئێران بەتایبەت لاوەکانە.

 نەبوونی سیستمێکی گونجاو و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بەتایبەتی بێکاری لە ئێراندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆتاییهێنان بە ژیان لە کۆمەڵگای ئێرانن.

خۆکوژییەکان لە ئێراندا زیاتر  مێرمنداڵان و لاوان لەخۆ دەگرێت و هۆکاری زیاتری بۆ بێکاری دەگەڕێتەوە.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان کە هەژاری، دەستکورتی و بێهیوایی لەنێو لاواندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لەنێو مێرمنداڵان و لاوان دێتە ئەژمار.