کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"خۆی" کرماشانێکی دیکەیە

17:06 - 5 رەشەمه 2719

ڕۆژی یه‌كشه‌ممە، ٤ی ڕەشەمە، بوومه‌له‌رزه‌ شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی هەژاند و لەو  بوومەلەرزەیەدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون و خەسارێکی ماددیی زۆریش بەر خەڵک کەوتووە.

له‌ دوای ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ كه‌ به‌ گوڕی ٥.٩ ڕیشتەر بوو، هەتا ئێستا‌ زیاتر لە ٢٠ جاری تر زه‌وی ئه‌و شارەی‌ هه‌ژاندووه‌.

بوومه‌له‌رزه‌كه‌ هێنده‌ به‌هێز بووه‌ کە دانیشتووانی ورمێ و ته‌ورێزیش هه‌ستیان پێ كردووه‌.‌ دووریی ته‌ورێز له‌ ناوه‌ندی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ١٥٦ كیلۆمیتره‌.

هەتا ئێستا‌ هیچ ئامارێک له‌باره‌ی زیانه‌ ماددییه‌كانی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

خەڵک لە دۆخێکی دژواردان و داوای یارمەتی لە خەڵک دەکەن.

بەهۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەو ناوچەیە، سەرما و سۆڵە تەنگی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هەڵچنیوە.

هاووڵاتییان داوای هاوکاری دەکەن و داوایان کردووە کە پێویستیان بە کەرەستەی گەرمایی هەیە.

بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر گوندەکانی "کۆتۆل، بەلەجوک، گەرناڤیک، ڕازی، کۆتان، یوسفئاوا، حەبەشەی ژێرین، حسار، هندیڤان، زەری، مەخین، چایی، بروشخواران، گەرماوەژ و تەتەور"ی کوردستانی ڕۆژهەڵات داناوە.

بەگشتی لەو گوندانەدا ١٥ هەزار و ٧٩٠ کەس دەژین.

پسپۆڕانی بوومەرلەزە داوایان لە هاوڵاتییان کردووە کە ئەو خانووانەی لە خشت دروست کراون، چۆڵ بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەگەری ڕووخانی ئەو خانووانە هەیە کە لە خشت دروست کراون.