کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێوەت بۆ کرماشان و خانووبەرە بۆ سووریە

11:52 - 6 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی بووومەلەرزەلێدراوی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەتا ئێستاش لە ژێر خێوەت و کانێکسدا دەژین، لە کاتێکدا ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا خانووبەرە بۆ خەڵک دروست دەکات.

جێگری ئەنجومەنی "انبوەسازان" پارێزگای تاران، بە بەشداریی "جەهانگیری"، وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕێژیمی ئێران، بڕیاران داوە کە ٢٠٠ هەزار خانووبەرە لە سووریە دروست بکەن.

ڕێژیمی ئێران بەپێی ئەو بڕیارە کە کاربەدەستەکانی داویانە ٢٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە دمشق دروست دەکات.

پێشتریش ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی گرێبەستێکی ئابووریی درێژخایەن لەگەڵ ڕێژیمی سووریە، بڕیار درا لانیکەم ٣٠ هەزار خانووی ڕووخاو بە هۆی شەڕی سووریە نۆژەن بکاتەوە، هەروەها چەندین پرۆژەی ئاو و گەیاندنی کارەبا لەو وڵاتە بە دەستی ڕێژیمی ئێرانە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، کە لە سووریە دەسەڵاتی هەیە و پاڵپشتیی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە، بە ئامانجی دەستێوەردان لەو وڵاتە و پێشبردنی سیاسەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سووریە چالاکی دەکات، بە بەردەوامیی بە شێوەی سیاسی و ئابووری پاڵپشتی لەو ڕێژیمە دەکات.

ڕێژیمی ئێران، لە حاڵێکدا لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە ئەو پرۆژانەی بە دەستەوە گرتووە، کە نموونەیەکی بەرچاومان وەکوو بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان هەیە، کە هەزاران خانوو وێران بوونە و خەڵکی ئەو ناوچانە هێشتا ئاوارەن و پاش زیاتر له ساڵێک هێشتا بەشێکی زۆر لەو خەڵکە لە ژێر خێوەت و لە نێو کانێکسەکاندا دەژین.