کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەبات و خۆڕاگریی کوردستان تا خۆڕاگری ئۆکراینا

23:52 - 21 خاکەلێوه 2722

هیوا کوردی

ڕێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی تاران بەدرێژایی مێژووی خۆیان بەردەوام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەموو مافێکی ئینسانی بێبەش کردووە و بەشێوەی جۆراوجۆرهەوڵی تواندنەوەی گەلی کوردیان لەنێو سیستمی جێگەی پەسندی خۆیان داوە. خەڵکی ڕوژهەڵاتی کوردستانیش لەبەرانبەر ئەم زۆردارییەی ناوەندگەراکان خەباتیان کردووە و لە بەدەستهێنانی مافە دێموکراتیک و مرۆڤییەکانی خۆیان پێداگرتر بوونە. دژکردەوەی تارانی ناوەندگەرا لە بەرانبەر ئەم خەباتە ڕەوایە بریتی بووە لە میلیتاریزەکردنی کوردستان؛ بەو واتایە کە بە هەموو هێزەوە ویستوویەتی ئەم خەباتە سەرکوت بکا و کۆتایی پێ بێنێ. وێڕای ئەم سەرکوت و هێرشە دڕندانەیەی ناوەند‌گەرای تاران، خەڵک تووشی ئاوارەیی و کاولکاری بوونە بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە خەبات و شۆڕشیان سوورتر بوونە بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان.

بۆ ڕوونبوونەوەی باسەکە ئاماژە بە بڕگەیەکی مێژوویی دەکەین؛ شەڕی سێ‌مانگە لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی کوردستان و حیزبی دێموکرات. کاتێک ئاخوندەکان دەستیان بەسەر دەسکەوتەکانی شۆڕشدا گرت و ئیستبدادی ئایینییان سەپاند، خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتییانە ویست و داخوازییەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێ؛ لە بەرانبەر ئەم هەوڵە ئاشتیخوازانەیە خومەینی فتوای جەهادی بۆسەر کوردستان دەرکرد.

 لە ژێر ئەم فەرمانە داعشیانەیەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشێکی گەورەیان کردە سەر کوردستان. حیزبی دێموکرات بۆ ئەوەی شارەکان وێران نەکرێن و خەڵک قەڵاچۆ نەکرێ خەباتی بۆ شاخەکان گوازتەوە. خەباتی شاخ بە چڕی بە دژی ئەم هێرشە دەستی پێکرد و لە چەندین شوێنی کوردستان هێزی پێشمەرگە پێشی هێرش وپەلاماری هێزەکانی ڕێژیمیان گرت و تووشی شکستی گەورەیان کردن. وێڕای سەرکەوتنی خەباتی شاخ لە شارەکانیش خەڵک بەدژی ڕژیمی توتالیتێر و سەرکوتکەری ئاخوندی ڕاپەڕین. تێکەڵبوونی خەباتی شار و شاخ پاشەکشەیان بە ڕێژیم کرد و خومەینی بەیانییەکی دەرکرد و بە درۆ داوای ڕاوەستانی شەڕی کرد و گوتی گوێ لە ویستی خەڵکی کوردستان دەگرێ .

دواتر دەرکەوت ئەو هەوڵەش بۆ ئامادەبوون بۆ هێرشی بەرینتر بووە و شەڕی سێ مانگە بوو بە سەرەتای خەباتێکی درێژماوە بە دژی هێرشی هێزی زۆر و زەوەندی کۆماری ئیسلامی و لاپەڕەیەکی‌ زێڕینی تر لە مێژووی کورد و حیزبی دێموکراتدا تۆمار کرد.

دوای زیاتر لە سی و پێنج ساڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ، زیاتر مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانی پێشێل کرد؛ ئیعدام و سەرکوت و زیندانیکردن زیاتر بوون و دانپێدانان بە مافە ئینسانییەکانی کورد و باقی نەتەوەکانی نیشتەجێ لە ئێران زیاتر خرانە پەراوێزەوە بۆیە لە ساڵی ۱۳۹٤ حیزبی دێموکرات چەخماخەی خەباتێکی نوێی لێدا و لە ساڵی ۱۳۹٥ خەباتی نوێ لەژێر ناوی ڕاسانی خۆرهەڵات بە ئاشکرا دەستی پێکرد.

خەڵک پێشوازی گەرمیان لەم شێوازە نوێیەی خەبات کرد و هێزی پێشمەرگە بە ئیرادەی پۆڵایینیان  و شەهیدەکان بە خوێنی گەشیان ئاگری خەباتی نوێیان بەگڕتر کرد. ڕاسان سەلماندی کە هێزی ڕێژیم هێزێکی زۆروبۆر و پووشاڵییە و لە ئەنجامی قارەمانەتی نواندنی هێزی پێشمەرگە لە شاخ و لە شار هیوای  خەبات جارێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕشنگدارتر بوویەوە.

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی خەباتی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە دیتمان کە دەوڵەتی ڕووسیا هێرشی کردە سەر خاکی ئۆکڕاینا. ڕووسیا و زۆرێک لە چاودێرانی سەربازی و سیاسی پێیان وابوو بە شەووڕۆژێک خاکی ئەم وڵاتە داگیر دەکەن؛ تەنانەت وڵاتی ئەمریکا فڕۆکەی بۆ سەرکۆماری ئوکڕاینا نارد کە ئەم وڵاتە بە‌جێ بێڵێت بەڵام خۆڕاگری و بەربەرەکانێی خەڵکی قارەمانی ئۆکڕاینا، هاوکێشەکانی پێچەوانە کردەوە و وەک دەبینین ئەوە زیاتر لە مانگێکە سەرەڕای هێرشی وەحشیانە، خەڵک بە چەکی ئیرادەوە ڕووبەڕووی تانک و مووشەکەکانی ڕووسیا بوونەتەوە و جیهانیان سەرسام کردووە و هێزی دووهەمی جیهانیان لە زەلکاو هاویشتووە و تووشی پاشەکشە و شکستیان کردووە.

دیارە خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژووی خەباتی مافخوازانەی، خۆڕاگری و لەخۆمایەدانانی لە خۆی نیشان داوە بەڵام خەبات و خۆڕاگری خەڵکی ئۆکڕاینا وانەیەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان کە خۆڕاگری و بەربەرەکانێی زیاتری خەڵک دەتوانێ هاوکێشەکان بگۆڕێ و وەک هێزێکی کوردی دەتوانێ خۆی بچەسپێنێ و زلهێزەکانیش ناچار دەبن کە لە هاوکێشەکاندا بیبیننەوە.

دوای خەبات و خۆڕاگری ڕوژاوای کوردستان لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات لە لێدوانێکدا گوتی: "هێز یەکلاکەرەوەیە ئەگەر بەهێز بین وڵاتانی دونیاش حیسابمان بۆ دەکەن". ئێستاش خۆڕاگری خەڵکی ئۆکڕاینا لەبەرانبەر هێزی دووهەمی جیهان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە.

بۆیە پێویسته خەڵکی کوردستان هەر وەک لە نەورۆزی ئەمساڵدا زیاتر پشتیوانی ڕاسانی شار و شاخ بوون، لە داهاتووشدا زیاتر و بەگوڕتر بڵێسەی ڕاسان بەگڕتر بکەن تا هێز و ئیرادەی لەبڕاننەهاتوویان بەسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و جیهاندا بسەلمێنن تا لەم بازنەیەدا خەڵکی کوردستان و مافەڕەواکانیان نەخرێتە پەراوێزەوە و خەڵک بتوانن بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن کە بریتییە لە ژیانێکی سەردەمیانە و شیاوی مرۆڤی ئەم سەردەمە.