کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی حیزبی دێموکرات ڕێژیمی ئێران وەلەرزە خستووە

14:14 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: چالاکی و تێکۆشانی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەڕ و دووبەرەکیی خستووەتە نێودڵی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە بینای فەرمانداریی پاوە، دانیشتنێک لە نێوان فەرماندار و سەرۆکی سپای و ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، لەو دانیشتنەدا لە بارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە چیاکانی پاوە و کار و چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، گفتوگۆیان کردووە.

هاوکات بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بە شێوەیەکی توند هەڕەشە لە فەرماندار، سەرۆکی سپا و ئیتلاعات کراوە.

لەو دانیشتنەدا بە سەرۆکی ئیتلاعاتی سپا گوتراوە، کە ئێوە چ کارەن بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ ئاڵای کوردستان هەڵکراوە و خەڵک چوونەتە سەیرکردنی ئەو ئاڵایە و فیلم و وێنەیان لێ گرتووە.

دوای ئەو کۆبووونەی بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە شاری پاوە، بڕیاریان بە هەموو بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیم لەو شارە داوە کە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات دەسبەسەر بکەن.

ئەو هەڵویست و هەڕەشەی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێرانە لە کوردستاندا دەرخەی ئەوەیە کە پشتیوانیی خەڵک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێودڵی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە.

هاوکات چالاکی و تێکۆشانی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "نا"یەکی قورسە بە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا.