کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەباتی مامۆستایانی قوتابخانە کۆماری ئیسلامی بەرەو گۆڕ دەبات...

10:52 - 31 جۆزەردان 2722

زاگرۆس

لە سەردەمی مۆدێڕندا و بە هاتنەئارای چەمگەلێک وەک بەرابەری و یەکسانی، مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، هەموو کات بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو مێکانیزمێک بۆ بەرەوپێشبردن و دەستەبەرکردنی مافی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لەبەرانبەر دەسەڵات و پێکهاتەی دەوڵەت خۆیان نیشان داوە. ئەوەی کە جێگای ئاماژەیە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، لەوانە بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و هتد لە ئەساسی خۆیاندا بۆ لەنێوبردنی دەسەڵات یاخود باشترە بڵێین شۆڕشکردن نەبوون، بەڵکوو ئامانجیان ئەوە بووە کە لەنێو چوارچێوەی دەسەڵاتێکی دیاریکراودا هەوڵ بۆ وەرگرتنی مافەکانی چین و توێژێکی تایبەت بدەن؛ بەڵام مێژوو پیشانی داوە کە هەردەم لە دەسەڵاتە تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەکاندا  ئەم بزووتنەوانە وەکوو کەرەستەیەک بۆ داواکردنی بەشێک لە داخوازییەکانی کۆمەڵگا و لە ئاکامدا کۆبوونەوەی ئەم داخوازییە جۆربەجۆرانە و یەکگرتنیان لەگەڵ یەک و شۆڕبوونەوەیان بەرەو  شۆڕشی سەرانسەری دژ بە دەسەڵات بەکار هاتوون.

 ئەوەی کە ئێستاکەش لە بزووتنەوەی مامۆستایان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێراندا جێگای تێڕامان و لێفێربوونە هەوڵی شێلگیرانە و پێداگرانەی ئەوانە لەسەر ماف و داواکارییەکانیان. داواکاریگەلێک کە ئێستا ئیتر تەنیا وەک داواکاری مامۆستایان یان چین و توێژێکی تایبەت قەتیس نەماوە و هەنووکە ئیتر مامۆستایانی قوتابخانە بوونەتە ئاڵاهەڵگری بەشێک لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و لە هەمان کاتیشدا شکستیان بەو هەوڵەی دەسەڵاتداران هێناوە کە لە سەرەتای دەسپێکی ئەم خولەی ناڕەزایەتی مامۆستایاندا لەو خەیاڵەدا بوون کە چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بکەنە دژی مامۆستایان و وایان دەنواند کە داخوازی مامۆستایان تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ زیادکردنی موچەدایە و هیچی تر.

 مامۆستایان سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر دۆخی خراپی ئابوورییان بە بەرزکردنەوەی درووشمی پەروەردەی بەخۆڕایی و خوێندن بە زمانی دایکی و باشترکردنی دۆخی قوتابخانە و پۆلەکانی خوێندن، بوونەتە نوێنەری ڕاستەقینەی داخوازییەکانی کۆمەڵگا و پێویستە و ئەرکە لەسەر شانی هەموو تێکۆشەرانی شار و خەڵکی مافویست کە پشتیوان و هاوکاری نوێنەرانی خۆیان بن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. 

یەکگرتوویی مامۆستایان بەتایبەت لە کوردستاندا بە هەموو ڕەنگ و بیرە جیاوازەکانیانەوە وانەیەکی گرنگە کە دەتوانێ موژدەهێنەری داهاتوویەکی گەش بۆ کۆمەڵگای کوردی بێت و بە سەرنجدان بە هەواڵەکان بۆمان دەردەکەوێت کە بزووتنەوەی مامۆستایان بە تایبەت لە جوغرافیای زاگڕۆسدا لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران بەهێزترە و ژمارەی زۆری دەسبەسەرکردن و گوشاری فراوانی دەسەڵات بۆ مامۆستایانی زاگرۆس لە بەرانبەردا بەشداری بەرچاوی مامۆستایانی نیشتمانمان لەم ناڕەزایەتییانە و پێداگری مامۆستایان تەنانەت لە بەندیخانە و پاش ئازادکرانیان لەسەر داوا ڕەواکانیان کە ئێستاکە بوونەتە داخوازی کۆی خەڵکی زاگرۆس بەڵگەی حاشالێنەکراوی ئەم ڕاستییەن.

خەباتی مامۆستایان هەل و دەرفەتێکی باشە بۆ هەرچی زیاتر یەکگرتوویی و یەکدەنگی جوغرافیای زاگڕۆس بۆ خەبات بۆ دواڕۆژی ئەم ناوچە هەستیارە و گرینگە بۆ چارنووسی نەتەوەکەمان لە داهاتوودا.

هەروەک پێشتر و لە سەرەتای دەسپێکی ئەم خولەی بزوتنەوەی مامۆستایاندا وەک نووسەری ئەم دێڕانە ئاماژەم پێکرد کێشەی سەرەکی بزوتنەوەکە لە سێ خاڵی جەوهەریدا دەتوانین دەستنیشان بکەین:

یەکەم؛ بەشداری‌نەکردنی زۆرینەی مامۆستایان

دووهەم؛ پشتیوانی‌نەکردنی هەمەلایەنەی خەڵک لە مامۆستایان

سێهەم؛ کەمترئاوڕدانەوەی هێزە سیاسییەکان لە بزاڤی مامۆستایان

کە هەنگاوەکانی مامۆستایانی بوێر و پێشەنگی ئەم خەباتە ڕەوا کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر هەنگاوەکان بەردەوام بن و ئەم خاڵە نێگەتیڤانەی چارەسەر بکرێت لە دواقۆناغیدا دەگاتە خەباتی جەماوەری شار و ڕزگاری لە کۆلۆنیالیزمی داگیرکەر و وەگۆڕنانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.