کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەدەمەکانی نەوتکێشی پێکراو لە دەریای عوماندا، لە ئێران چوونە دەرەوە

12:47 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ٢٣ خەدەمەی یەکێک لەو دوو نەوتکێشەی کە لە دەریای عوماندا هێرش کرایە سەریان، لە ئێران چوونە دەرەوە و نێردرانەوە بۆ دۆبەی.

شیرکەتی نۆروێژیی خاوەنی نەوتکێشی "فرۆنت ئاڵتێر"، کە ڕۆژی پێنجشەمە، لە دەریای عوماندا هێرش کرایە سەری، ڕایگەیاند: "٢٣ خەدەمەی ئەو نەوتکێشە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، نێردراونەتەوە بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی."

بەپێی ڕاپۆرتی "ئشپیگێل ئانلاین"، وتەبێژی ئەو شیرکەتە نۆروێژییە وتوویەتی: "ئەو نەوتکێشە، ١١ کەسیان ڕووسی و ١١ فیلیپینی و یەک هاووڵاتیی گورجستانی بوونە کە زۆربەیان پاش بەڕێکردنیان بۆ دۆبەی، گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان."

هەواڵدەریی "فاکس نیوز"، ڕۆژی هەینی، لە زاری بەرپرسانی ئامریکاییەوە بڵاوی کردبووەوە کە خەدەمەکانی کەشتیی "فرۆنت ئالتێر"، کە کەشتییەکی بازرگانیی "ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی" ڕزگاریانی کردبوو، لە لایەن چوار بەلەمی چەکداری ئێرانییەوە گەمارۆ دراون و پاشان ٢٣ خەدەمەکەیان لێ وەرگرتوون و بۆ بەندەری جاسک گواستراونەتەوە.

ئەو شیرکەتە نۆروێژییە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی دروستی و نادروستیی ئەو هەواڵە بڵاو نەکردووەتەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئامریکا، بە دانانی ڤیدیۆیەک لە نزیکبوونەوەی بەلەمێک بەو نەوتکێشە، ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەلەمە هی سپای تێرۆریستی پاسداران بووە کە سەرنشینەکانی، مینێکی مێغناتیسیی نەتەقیویان لێ جیا کردووەتەوە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی بریتانیا وتوویەتی: "تا ئاستێک دڵنیایی هەیە کە هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر نەوتکێشەکانی دەریای عومان، کاری سپای تێرۆریستی پاسداران بووە و ڕایگەیاندووە جگە لە پشتڕاستکردنەوەی تاوانبارکردنی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، ئێمە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی خۆمان، هیچ دەوڵەت و هۆکارێکی غەیرەدەوڵەتی جگە لە ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو کردەوە نابینین."